ساڕێژ ئەڤینی
ماموستا "ساڕێژ ئەڤینی"، ناسراو به "خۆڵ" شاعیری هاوچهخی کورد، لە شاری کۆیه لە دایک بوو و ئیستایش لە هەوڵیر دانیشتەجیە.
(۱)
[مردن]
هەمووان بەم ووشەیە ئاشناین.
هەندێک ئارەزووی هاتنی دەکەن و هەندێکیش بەبیستنی ناوەکەی ترس دەیانگرێت و دەیانهەوێ لێی ڕابکەن...
زۆرینە لایان وایە کەمردن تەنها جارێکە و دووبارە نابێتەوە،
بەڵام لەلای من ئەوە تەواو پێچەوانەیە و من باوەڕم وایە مرۆڤ هەیە لەجارێک زیاتر دەمرێت و مردنەکەی ڕۆژانە دووبارە و چەند بارە دەبێتەوە...
وەختێک دەبیستم ئافرەتێک بەهۆی نەبوونیی و دەست کورتیی، یاخود بەهۆی حاڵەتێکی تایبەتەوە، یان بەهۆی هەڵخەڵەتاندنی بەناوی عیشق و سۆزەوە لەلایەن پیاوێکی شەڕواڵ پیسەوە ئابڕوی دەبردرێت و دواتر پێی دەوترێ
(قەحپە)، پێی دەمرم.
منداڵێک، وەختێک ترافیک دەبێت بە سۆر و بەڕاکردنەوە دێت بەرەو جامی ئۆتۆمبێلەکەت و دەپاڕێتەوە، تاوەکو بنێشتێک یان دەستەیەک کلینێکس یان دەبەیەک ئاووی لێبکڕیت و گەرما و سەرما لەمێشکی سەری ئەدا، من پێی دەمرم...
وەختێک دەبیستم و دەبینم کوڕێک هەموو ژیانی لەچاووی کچێکدا بچووک دەکاتەوە و لەکۆتایدا کچە وەک خێرایی برووسکە لەژیانی دەچێتە دەرەوە و تەواوی ژیان لەو کوڕە دەسێنێتەوە، پێی دەمرم...
بە دووڕوی مرۆڤەکان، بە بێ بەڵێنی، بەبێ مروەتی، بە بە بە... پێی دەمرم.
بەهەرحاڵ،
من،
پێشبینی دەکەم مردنەکەم بەوجۆرە بێت
کەلەخوارەوە نووسیومە؛
واهەست دەکەم لەشەووێکی زۆر ساردی زستاندا دەمرم.
شەوێکی پڕ بارانی بەلێزمە.
شەوێک پڕبێت لە دەنگی هەورەبروسکە.
شەوێک پڕ پڕ بێت لە گڤەگڤی ڕەشەبا و پڕ پڕ بێت لە گمە گمی دەنگی باران...
واهەست دەکەم مردنەکەم لەناو جێگاکەم بێت و لەسەر لاتەنیشتی ڕاست بمرم؛
لەکاتی مردنمدا چەند دڵۆپە لیکێک لەحەشمەتی گیان دەرچونم ڕژابێتە سەر سەرینەکەم.
من
هەستدەکەم وەختێک کەدەمرم لەوشەوەدا، تەپڵکە جگەرەکەم لەلابێت و جگەرەکەم چەند نەفەسێکی مابێت بۆتەواو بوون و نەتوانم هەمووی بکێشم و بمرم.
لەدواساتەکانی ڕۆح دەرچوونمدا، لەپێش چاوومە کەدەمهەوێت وەک کەروێشک لەکاتی سەربڕیندا، زریکە لێبدەم.
من؛
لەزستاندا دەمرم.
لە شەوێکدا، کە گۆڕهەڵکەندن تیایدا زۆر ئەستەم بێت...
ئەوسا، هەموو ئەوانەی ڕقیان لێم بوو، لەدڵەوە خۆشیان دەوێم.
هەموو ئەوانەی دڵیان شکاندم، ڕۆحیان دەشکێت.
هەموو ئەوانەی ڕۆژانێک پێمپێکەنین، ئیتر لەو کاتەدا، دەگرین.
ئەوکەسەی کەدەبوو بێت و نەهات،
لە ژورەکەی خۆیەوە خۆێن لە دڵی ئەچۆڕێ و تەنها ئەتوانێ یەک
(الفاتیحه) بنێرێت.
زۆر دەمێکە حەزم لەو سەفرە درێژ و ئەبەدییە هەیە و ئارەزووی هاتنی دەکەم، بەڵام نایەت...
خودا، ئەمە غروری و لوت بەرزی نیە، بەڵام سوێند بەگەورەیت ئارەزووی هاتنی فریشتەکەت
(ئیزرائیل) دەکەم...
ئـــاهـ چەندە شیرینە لەلام و چەندە موشتاق و تامەزرۆی هاتنیم...
ئێستا وەرە، ئێستا
بمبە لەگەڵ خۆت...
من؛
لەشەوێکی سارد و پڕلەتۆفی زستان دەمرم...
هەمووتانم خۆش دەوێت، هەمووتان...
■○■
(۲)
من،
بۆچی خۆشەویست نیم لەلای خەڵک؟!
من،
لەوەتای فامیدەم و هەست بە باشیی و خراپییەکان دەکەم، بە عەقڵ نەک سۆز، هەرگیز لە ڕاست بێژیی لامنەداوە.
ئەوەش پێچەوانەی ئاکاری زۆرینەی مرۆڤەکانی ئێستایە، کە حەز بەوەدەکەن درۆیان بۆبکەیت، وەک پێشەوا علی ڕەحمەتی خودای لێبێت فەرمووی (حەقبێژیم دۆستی بۆ نەهێشتوومەوە).
من،
هەمیشە خاوەن باوەڕ و دنیابینی تایبەتیی خۆم بووم، باوەڕم بەهەرچیەک بوبێ و بەچشتێک دەروونم ئاسودەبوبێ ئاوهام کردوە.
بەوپێەی ئەوەی کە دەیکەم زیانی بۆ ئایین و کۆمەڵگەکەم نەبێ.
بەپێچەوانەی مرۆڤەکانی ئێستا، کە ڕۆبۆت ئاسا و لەژێر کاریگەری دەوروبەریان دەجوڵێنەوە.
من،
هەرگیز پیاوپیاوانێم نەکردوە و ناشیکەم،
بەڵکو مرۆڤی ڕاست و بەهەڵوێستم خۆشویستوە .
سێبەرەکەی خۆم بە گەورەترین سەرکردە و پێشڕەو دەزانم، بۆیە ڕێگام پێیداوە لەپێشمەوە بڕوات.
بەپێچەوانەی مرۆڤەکانی ئێستا، زۆرینەیان زیاد لە دە ڕوو و دە زوبانیان هەیە بۆقسەکردن و نمایش.
من،
لەنێوان هاوڕێکانم جیاکاری ناکەم و بەیەک چاوو و بەیەک ڕوو و بەیەک دڵ و وەکویەک سەیریان دەکەم و دەیاندوێنم.
بەپێچەوانەی زۆرینەی مرۆڤەکانی ئێستا، کامیان گیرفانی گەرم بێ ئیتر پێکەنین و دەست خستنە سەرشان ڕوولەئەوە.
من،
دووشت هەمیشە فەرامۆش دەکەم:
یەکەم، ئەو چاکانەی کە دەیانکەم، چونکە یەقینم وەهایە کە خودا ئاگادارە و پاداشتی ئیلاهی لە هی مرۆڤ گەورەترە.
دووهەم:
ئەو خراپانەی دەرهەق بەمن دەکرێ، چونکە لە ڕاستیی و پاکی خۆم دڵنیام و باوەڕم وەهایە دونیا هێندەی بەبەرەوە نیە کە ڕق بخزێنرێتە دەروونەوە.
من،
لە غیابی دۆستەکانم ڕێگا نادەم هەرگیز باسبکرێن، پێچەوانەی بەشێک لە بەناو دۆستەکانم کە وەک سۆپای دار لەبری کۆلکە مەجلیس بە باسکردنی من گەرم دەکەن.
من،
لەگەڵ عام، ناچمە شام.
چوونکە هەندێک جارهەیە عام هەڵەن و تاک ڕاستە.
من،
بەوپەڕی موحیبەتەوە باوەشم کردوە بە دەوروبەرەکەم، کەچی زۆرینەی دەوروبەر بەوپەڕی ڕقەوە لێم دوورکەوتونەتەوە.
چونکە نەمتوانیوە وەک ئەوان بانێک و دووهەوابم.
من،
یەکەم خودا، دووهەم خودا، پاشان سێهەم خۆم.
بەپێچەوانەی زۆرینەی مرۆڤەکانی ئێستا،
یەکەم خەڵک، دووهەم خەڵک، پاشان سێهەم خودا.
خودا و خۆی وونکردووە بۆ ڕازیکردنی دڵی خەڵک.
لەکۆتاییدا،
من هەمووتانم خۆشدەوێ...
■○■
(۳)
[بەقسەی نەکردم!]
من و دەریا،
ماوەی چەند مانگێک دوو عاشقی سەر شێتی یەکتری بووین
بەجۆرێک گیرۆدەی یەکتری بووین، هەرکات منی دەبینی دەکەوتە سەما و شەپۆلەکانی توندتر و هەڵبەز و دابەزی زیاتر دەبوو.
هەموو ئێوارانێک، من لەسەر بەردێک دادەنیشتم ڕوو لەدەریای مەعشووقم
ڕۆژێک بەبێ هیچ و سووچ و تاوانێک، دەریا ڕووی لێ وەڕگێڕام و چیتر شەپۆلەکانی ڕوەو من نەدەهات،
بەڵکو نەرمە شەپۆلەکانی ڕووەو ئەوبەردە بوون کەشاهێدی خۆشەویستی من و دەریا بوو!.
تێگەیشتم کە دەریا تادوێنێ عاشقی من بوو، ئیتر بۆلەمەودوا بڕیاڕی داوە من جێبهێڵێت و ڕوەو ئەو بەردە ئاراستەی عاشق بوونی بگۆڕێت...
من،
هیچم نەکرد و هیچم نەووت نە بەدەریای مەعشووقم و نە بەو بەردەش کە تادوێنێ شاهێدی عیشقی من و دەریا بوو...
ئێوارەیەک، لەپاڵ بەردەکەوە دانیشتم و تەنها ئەوەندەم پێی ووت:
(ئاگات لەدەریا بێ)...
ئەوەم پێ ووت تاتێبگات لەهەمبەر بێوەفایی دەریا، بەڵام تێنەگەیشت و گوێی پێنەدام...
دوای ماوەیەک بینیم (بەرد) بەشەپۆلی بێوەفایی دەریا، وورد و خاش بووبوو...
■○■
(۴)
[قەحپە داک]
مرۆڤ، ڕۆح لەبەرێکی پیسە، ماڵی هەر مرۆڤێک گووخانەیەکی تێداهەیە، کە جێگای هەڵڕشتنیی گەند و گوو و میزە; و شوێنی بڵاوکردنەوەی تڕ و فسە.
لەگەڵ ئەوەشدا هەندێکجار شوێنیی خواردنیشە!
بەڵێ خواردن، زۆرێک لە مرۆڤەکان بە پەنهانییەوە و هەندێکیشیان وەک خوو لەسەر کوونجی گووخانەکە و لەگەڵ هەر نقە و تەکاندان و زەختێک لە قوونیی و بەدەم شەقەی تڕکردنەوە، چەند نەفەسێک بەقووڵی لە جگەرەکەی نێوان هەردوو پەنجەی دەستی ڕاست یان چەپیەوە دەدات و لەگەڵ بۆنیی تڕ و تسەکەی هەڵیدەمژێت.
هەندێکیشمان هەن گوو لە خودی قسەکانیی یاخود ئاکارەکانیەوەیەتیی، ئەو جۆرەیان زۆر ترسناکن، چونکە بەدوو شوێن گوو دەکەن.
هەم بە قوونیان و هەمیش بە دەمیان.
ئەوەی مرۆڤ جوان دەکا تەنها ڕەوشت و دەربڕینەکانیەتیی...
هێندەی ڕمێک خۆر بەرزبوبویەوە، ڕێک وەک ئەوەی شاژنیی کورەیەکی هەنگ لە شانەکەی دەرچوبێ و هەنگەکانی تر لەهێکڕا و بەیەکەوە شوێنی کەوتبن، خەڵک کەوتبوونە شوێنی یەکتری.
هەمووی بۆ کارکردن، بەڵام جۆر و شێوازی کارەکە جیاوازیان هەبوو.
مرۆڤ بە کارکردنەوە جوانە، بەڵام هەندێک کار هەیە مرۆڤ تیایدا نەفسییەتی دەشکێت...
دەستم بە گسک لێدان کرد،
لەبەری دەستەراستیی شەقامەکە و نزیکەی دوومەتر لەپشت شۆستەکەوە، ماڵی کاک هێرش بوو، باوکی هاوڕێی شیرینم کاک هاموون، هاموون هێرش غەفووری.
زۆرینەی بەیانیان، هاموون لەسەر کورسییەکی بچووک لە دیووی ژوورەوەی ماڵەکەیان دادەنیشت، کەمێک دەرگاکەی دەکردەوە و ڕوو لە جادە، پێدەچوو ئەو چێژ لە جموجۆڵی هاتن و چوونی خەڵک و ئۆتۆمبێل وەربگرێ، پێچەوانەی من، کەمن زۆر بەلامەوە شتێکی بێزراو بوو...
کورسییەکی فافۆن بوو، شوێنی پشتیی و دانیشتنەکەی بە ماددەیەکی شین لەشێوەی داو بەدوای یەکترەوە هەڵچنرابوو...
سەبەتەیەکی بچووکی بەدەستەوە بوو، چەند دەنکە قەیسییەکی پێگەیشتوو و گووشەترێیەکی ڕەش و چەند دەنکە فەریکە سێوێکی تێدابوو.
کەگەیشتمە بەرامبەری، وەک هەمیشە لەسەر کورسیەکەی هەستا و بەرەوڕووم هەنگاوی هەڵبڕی.
قاچی ڕاستیی خستە سەر یەکەم پەیژەی دەرگاکە و دەنگێک لە ژوورەوە هات:
((هاموون کوڕم نەچیتە سەرجادە)).
ئیتر من چوومە پێشەوە و سەبەتەکەی بۆ ڕاگرتم و دوو دانە سێوی مزری پێدام.
هاموون ئەوکات کوڕێکی گوپنیی سورکەڵانە بوو، ئێستا عەیامێکە نەمبینیوە و نایزانم چۆنە.
هیوادارم هەمیشە ساغ و تەندورست بێ.
بەرامبەر دەرگای نەخۆشخانەی کۆن، کە ئێستا سەنتەریی ددانە، تەکسیی ڕادەوەستان.
منیش ئاسایی گسکەکەم لە زەویەکە دەخشاندن، لێرە کۆمەڵێکم لەگەڵای درەخت و کلینێکسیی بابردوو و زەلفیی ڕەنگاوڕەنگ و بتڵی بیبسیی و کاغەزیی دڕاوو و قەیتانیی پێڵاوو و قونچکی جگەرەی جۆراوجۆر و ووردە شوشەی شکاوو و لەوانەشە چەندین دڵی شکاوو و ڕازی شکاویشم گسک دابێ...
کۆدەکردەوە و لەملاتر کۆمەڵێکی تر، لەپاشان عارەبانەکەم دەهێناو هەمووم دەڕژاندە ناو عارەبانەکەوە.
بەبێ ویستی خۆم و بەبێ مەبەست، کلکی گەسکەکەم بەهێواشی بەر ئاوێنەی یەکیک لە ئۆتۆمبێلەکان کەوت، ڕاستەوخۆ زەلامێکی سەرکەچەڵ، نێوچەوان پڕلۆچ، ئارەقی ژێرباڵی ڕژابووە دەرەوە و لەسەر قەمیسەکەیەوە وەک نەخشە بڵاوبوبویەوە، برۆیەکیی پڕ و ئەستوور ڕێک وەک گسکەکەی دەستم...
هەر کەڕووی گرژکرد ئیتر خەتەکانی نێوتەوێڵی بوون بەسەد ئەوەندە و هەردوو برۆی بەتەواوەتی شانیان لەیەکتری گیرکرد و بەدەنگێکیی گڕ و زبرەوە ووتی:
((قەحپەداک سەبر چاوت نابینێ))...
هەر ئەوەندە و سەری بردەوە ژورەوە، لێی تێپەڕبووم و بەترسەوە ئاوڕێکم دایەوە، کەرتە مقەبایەکی بەدەستەوە گرتبوو باوەشێنی خۆی پێدەکرد، لەبەر خۆیەوە قسەی دەکرد و لێوەکانی دەجوڵاند، داخۆ چەندین جنێوی تریشی پیداووم...
ئافرەتێک کە دەستی منداڵێکی گرتبوو، لەدەرگا ئاسنینەگەورەکەی نەخۆشخانە هاتەدەرەوە و دەرگای پشتەوەی ئۆتۆمبێلەکەی کردەوە و سەرکەوت، کابرای شۆفێریش سولفی لە ئۆتۆمبێلەکەی داو و پارچەمقەبایەکەی دەستی فڕێدا دەرەوە و ڕۆیشت...
■○■
(۵)
[بێزقێز راوەکان، لەلای من]
چەندین مانگە، دەرگای خوێندنگەکەی داخستووە،
بەبێ ئەوەی ڕەچاوی خوێندکار و دایک و باوکی خوێندکار بکا، بەڵام بەقودرەتی قادر و ڕاستەوخۆ بوە فریادڕەسی خوێندکار و دەرگای خوێندنگای کردەوە.
حیزب لە پۆستەکەی دایناوە، بەڵام دوای ماوەیەک وێنەی لەلایەنێکی تری حزبی بڵاودەبێتەوە، لەبری لادانی، زیاتر دەیکەنە ( مێرد) بەسەر خەڵکەوە.
(لەگەڵ مەڕ شین دەکا، لەگەڵ گورگ گۆشت دەخوا).
مەلایە، باسی بیدعە دەکا، بەڵام لە مەولود دانیشتوە و خەریکی دەفە لێدان وبرنج و... خواردنە.
کاهینانی پەرستگای ئاموون.
سوپەرهاتریکی تۆمارکردوە لە چوون و هاتنەوەی لە عومرە، دراوسێکەی نانی ئیلاهی نیە بیخوا.
گوێ مەدێ، گرنگ بەژداری کردنە.
یەکیەتیی بوو،
دواتر بووە گۆڕان،
دواتر بووە هاوپەیمانیی،
حالییەن نەوەی نوێیە.
ئێستاش خۆی پێ مەغدوورە.
دوو کتێب ناخوێنێتەوە،
لە هەموو کۆڕە ڕۆشنبیرییەکان دادەنیشێ،
کاتێک کتێب دابەش دەکرێ،
دوو و سێ دانە بەیەکەوە دەبا.
لە باغەکەی سۆپای داری پێ گەرم دەکا.
وەختێک دەمی دەکەیتەوە، هێندەی سەد کەس گلەیی هەیە لە دەسەڵات و حکومەت، بەڵام خۆی کەسێکی حیز بییە و بەئاوازی حیزب سەما دەکا.
کێشکە سەمام لۆبکە، بەرت دەدەم.
هەموو بڕیاڕدانێکی لە چاوەکانییەتی، بەهۆی جلەکانت، شێوەت، ڕوخسارت... بڕیاڕت لەسەر دەدا.
بەبێ ئەوەی ڕۆژێک لەڕۆژان لەگەڵت هەڵسوکەوتی کردبێت.
گای بە گوون دەناسی.
بەهەموو تەمەنی دوپیت قورئان ی پیرۆزیی نەخوێندۆتەوە، دوو فەرمودە نازانێت...
دژە ئایینە.
هێند لوت بەرزە و خۆی پێ بابەتی گرنگە،
هیچیش نیە.
ئەگەر باوکی خۆی نەدیتبا،
ئەوا وێنەیەکی صدام حسێن ی لە ماڵەوە هەڵدەواسی و لەسەری دەنووسی باوکی ڕەحمەتیم.
بەیانی بەیەکەوەن لەگەڵ ئەو،
پاش نیوەڕۆ لەلای من بەخراپ باسی (ئەو)دەکا،
شەویش دەچێتەوە ماڵەکەی (ئەو).
بەوپەڕی متمانەوە قسەیەکی بۆدەکەیت،
دوای کەمتر لەڕۆژێک،
قسەکەی خۆت پێدەگاتەوە،
بەکۆمەڵێک پێشگر پاشگری زیادەوە.
خۆی بەدڵسۆز و غەم خۆرت دەزانێ،
لەپشتەوە خەریکی پاشقول گرتنە لێت.
داهاتێکی باشی هەیە،
خەریکی کڕوزانەوە و نوزە نوزە.
سەد هێندی (ئەو) چاکەت بەسەریەوە هەیە،
هەر کەتەنها جارێک بڵێی نا،
ئیتر تۆ پیاوێکی خراپی.
خێزاندارە،
ڕێگەپێدراو نیە بەهیچ شێوەیەک خێزانەکەی
هاوڕێیەکی کوڕی هەبێت،
کەچی خۆی خەریکی عیشق بازییە.
بەخۆیەوە ژمارەیان (١٠٠ سەد) کەس دەبێت،
ئەوانی تر هەمووی (هەڵە) و (خراپن).
بەتەنها خۆی پێ (ڕاست)و (باشە).
هەردوک حەمباڵن ،
( ئەم )یان حەمباڵێکی باشە،
زۆرترین کەل و پەل دەگوازێتەوە .
بەڵام
( ئەو ) بێکارە و
ڕەخنەش لەکاری ئەوەی تر دەگرێت.
( ئەو )
و... زۆری تریش.
"تێبینی:
ئەگەر هەرخاڵێک لەمانەی سەرەوە لە تۆ دا بوونی هەیە،
ئەوا لەگەڵ ( تۆ )مە".
■○■
(۶)
[تایەر تۆفیق و مردوو پەرستی]
دونیا بەرەو تاریک بوون هەڵدەکشا، دوکانەکەم داخست و بەرەو ماڵ بومەوە، لەڕێگادا بانگی ئێوارە لەبڵندگۆی مزگەوتەکانەوە لەهێکڕا بەرزبویەوە.
دەی ڕومکردە نزیکترین مزگەوت تاوەکو نوێژەکەمی تیادا بکەم. مزگەتی (گرمک) ئەو مزگەوتەی نزیکترین بوو لەسەر ڕێگای گەڕانەوەم، چووم.
خەریکی دەستنوێژ شۆرین بووم، لەناکاو لەپشت منەوە دەنگێک هات، وەک ئەوەی شتێک بکێشن بەزەوی، ئاوڕمدایەوە پیرەپیاوێکی لاواز و کزۆڵ کەوتوە و لێوێ تەقیوە و خوێنێکی زۆری لێدەڕوا.
ڕامکرد و کلینێکسێکم لەگیرفانم هێنادەرەوە تاوەکو هاوکاری بکەم و خوێنەکەی بگیرسێتەوە، لەوکاتەدا خۆی پارچە پەڕۆیەکی لەگیرفانی هێنا دەرەوە و بەلێویەوەی نوساند، برادەرێک لەیەکێک لە (ئاودەست)ەکان هاتە دەروەوە و وتی مام(شەفیق) ئاگاداری خۆتبە.
من نەمدەزانی ئەو پیرەپیاوە بەساڵاچوو و بێ خزمەت و بێکەسە کێیە، ئیتر ووتم برا ئەو مامەیە کێیە؟، ووتی
(کاک ساڕێژ ئەمە برای هونەرمەند تایەر تۆفیقە)!.
باوەڕم نەکرد ئاخر چۆن دەبێ برای هونەرمەندێکی ئاوها گەورە بەمشێوەیە بێناز و بێخزمەت و کەس ڕووی لێنەکاتەوە، ووتم برا هەڵەیت چۆن ئەمە برای تایەر تۆفیقە؟!. ئیتر خاڵە شەفیق خۆی هاتە قسان و بەزمانێکی هیلاک و ماندووەوە فەرمووی (بەڵێ من برای تایەر تۆفیقم و هەر لەو مزگەوتە لەسەرەوە حوجرەیەکیان پێداوم و تیایدا دەخەوم و دەمێنمەوە)...
هەر لەو مزگەوتەو لەو حوجرە سارد و سڕڕەدا، وەک تایەر تۆفیقی برای بەتەنها و بەبێکەسی مرد.
* کەچی ئەمرۆ دەبینم یادی تایەر تۆفیق دەکەنەوە و مەبلەغێک پارەی پێوە دەخورێ.
کورد وتەنی
(نە ئەو نان و ڕۆنە، نە ئەو زەبرە قوونە).
*:تکایە ئاوڕێک لە هونەرمەند
(ئیبراهیم سابیر) بدەنەوە تاوەکو خۆی لەژیاندا ماوە، باری تەندورستی و دارایی زۆر خراپە و توانای کڕینی دەرمان و دەرزی نیە. چونکە دڵنیام دواتر کۆمەڵێک دێن و دەستدەکەن بەپارە خواردن و یاد کردنەوەی.
■○■
(۷)
غەڵووز و ئەو...
ئەمیان، گۆشتی برژاند و
ئەویان، دڵی من...
■○■
(۸)
گلەییەکانم
لە دایک و باوکم...
هەندێک شت هەن لەژیانی مرۆڤدا زۆر لەیەکتری نزیکن، ڕونتربڵێم بەتەواوی هاوشێوەی یەکترن.
بۆنمونە ( دایک باوک و مردن و تەمەن ).
ئەم سێ شتە، بەتەواوی لەیەکتری دەکەن و نزیکن لەیەکتری.
باوک و دایک لەژیانی هەر یەکێکمان، تەنها یەکجارە و جارێکی تر دایک و باوک دووبارەبونەوەیان نیە.
لەبەرامبەریشدا بەهەمان شێوە مردنیش لە ژیانی هەر یەکێکمان تەنها یەکجارە و هەریەکجار لەقاپی ژیانمان دەدات.
تەمەنیش هاوشانی ئەوانە، هیچ کامێکمان ناتوانین دوێنێ دووبارە بکەینەوە...
لەم چەند دێڕەدا مەبەستمە شتێک ڕونبکەمەوە، هەڵبەت من ناتوانم هیچ کاتێک نواندن بکەم، لەهەر شوێن و کاتێک هەستم بەهەرشتێک کردبێت ئەوەم ووتوە تەنانەت ئەگەر بەزیانی خۆیشم بوبێت...
خوێنەری ئازیز...
من ڕقم لە دایک و باوکم نابێتەوە، لەوەتێدەگەم کە هاتنم بۆ ئێرە سەرچاوەکەی هەبوونی الله و دایک و باوکمە.
لەوەتێدەگەم کە هەریەک لەدایک و باوکم بۆگەورەبون و پەوروەردەکردنم ماندوبوون و شەونخونیی و ئازاری زۆریان بینیوە و چەشتوە و...
هەڵبەت لەم مانگە لەدایک بووم، لەڕاستیدا لەم ڕۆژەدا باوەڕم بە لێدانی فیق و دووزەلە وپیرۆزبایی و حەتحەتۆکە و مۆم و...
ئەوشتانە نیە و هەرگیز نەمکردوە!
چونکە مرۆڤ کاتێک لەوە دڵنیا دەبێت کەئیتر ساڵێک زووتر نزیکی کەناری پیربوون بۆتەوە، ساڵێک زووتر نزیکی مردن بۆتەوو، چ پێویستی بە شایی ولۆغان و قون بادانه؟!.
بەڵکو دەبێت دڵ تەنگ بێت و بیر لەوە بکاتەوە کە ئاخۆ ئەو ساڵەی کە لەژیانیدا تێپەڕی چۆن و بەچشێوەیەک لێی ڕۆیشت؟!
دایکە، باوکە...
ئێوە بۆ حەز و ئارەزوی خۆتان جوت بوون و خەوتوون، هەر لەسەر بنەمای حەز و ئارەزووی خۆتانەوە منتان هێنا بۆ ئێرە.
وەختێک کە منتان هێنا پرستان پێنەکردم، دەی ئەوەتا کە گەورەش دەبم و تەمەن ڕوەوهەڵکشان دەڕوات دیسانەوە کەس پرسم پێناکا، بێگومان بۆمردنەکەشم بەهەمان شێوە کەس پرسم پێناکا...
دایکە، باوکە...
من هەتا ئێستاش لەتەمەنی منداڵیم تێر نەبووم.
چونکە هەر لەتەمەنی منداڵیمەوە هەموو ئەوکارانەم دەکرد کە هی مرۆڤە گەورەکان بوون.
حەمباڵی و کرێکاری و دەستگێڕی و... زۆری تریش.
بۆیە ئێستاش حەزم بەسەیرکردنی فلم کارتۆنی ( تۆم_جێری )یە.
ئێستاش حەزم بە یاری چاوشارکێ و هەڵماتێن و ڕاکردن و گڵ خواردنە.
بە ماندوبوون گەورە بووم ولەمنداڵیم تێر نەبووم...
دایکە، باوکە...
گەنجیەتیم نەبینی...
گەنجێکی ماندوو و شەکەت و گیرفان خاڵی...
هەموو شەبەقی بەیانیەک هەڵدەستام و لەگەڵ باوکم دەچوم بۆ شۆستە و شەقام پاککردنەوە تا نیوەڕۆ.
نیوەڕۆش بەپەلە پەل بۆماڵەوە و پاروە نانێکی ساردبوەوە و لەوێشەوە ڕاکردنم بۆ خوێندنگا و دەرس و دەورم.
دەی لەوێش مامۆستا لەسەر سەر و قژم کەبۆچی زۆرە و کورتی ناکەمەوە; دەکەوتە وێزەم.
مامۆستا وایدەزانی کەژیانی منیش وەک ژیانی کوڕەکەی ئەوە، نەیدەزانی من لەشوێنێکەوە هاتووم ناوی ( جەحیم )ە.
دوای تەواو بوونی مەکتەبم، هەر هەمان ڕۆژ لە خوێندنگاکەمەوە بەڕاکردن دەچووم بۆ خوێندنگەی ماکۆکی ئێواران، هەڵبەت دایکم لەوێ کارگوزار بوو، من کاری دایکیشم دەکرد!
ئەوانەی ئەوساش لەتەمەنی من بوون، لە هاویناندا خەریکی بەژداری کردن بوون لەو خولە هاوینیانەی ئەوکات، خولی فێربوونی کۆمپیوتەر و خۆش نووسی و سەرتاشی و...
منیش حەمباڵی و کاری تاقەت پڕوکێن.
دایکە، باوکە...
ئێستاش بەردەوام حەزم بەدانیشتنە لەناو ( فریز )!
شەوانە تاوەکو خەوم دێ لەناو فریزی ماڵەکەمان ڕادەکشێم، چونکە ئەوکات کەمن زۆۆۆۆر زیاتر لەئێستا حەزم پێی هەبوو نەمانبوو، بەڵکو ئەوەی کەهەمانبوو خانوەکی قووڵی تەنگ و بچووک و ناخۆش!
لە ( گۆڕ ) قوڵتربوو...
دایکە، باوکە...
هەندێک قسە هەن بۆنیان لێدێ، باوەڕبکەن هەندێک قسە هەن بۆنیان لێدێ.
هەندێک قسەش هەن هێندە نەرمن ئارەزوی ئەوە دەکەی وەک قوماشێکی لۆکە بیکەتە بەرتەوە.
من ئەوقسانەی کە گوێ بیستیان دەبووم، لەخەڵکەوە و بەهۆی کارەکەمەوە بۆن ( گوو )یان لێدەهات.
ئەو قسانەی کەدەبوو وەک کراسی پەموو بیخەمە بەرم، لەبەرامبەردا دڕکی ( خڕنوک ) بوون و گیانیان ئەنجن کردم...
دایکە، باوکە...
ئەگەر ئێوە منتان نەهێنابا بۆئێرە،
من لەکوێ خەڵکانی درۆزن و ناپاک و هەناو ڕەش و دز و... دەناسی؟
ئەگەر ئێوە منتان نەهێنابا بۆئێرە،
من لەکوێ گریانم دەناسی؟
ئەگەر ئێوە منتان نەهێنابا بۆئێرە،
من لەکوێ ڕۆژگار دەیهاڕیم و دەیشکاندم؟
ئەگەر ئێوە منتان نەهێنابا بۆئێرە،
ئیتر منیش عاشق نەدەبووم و بەباغەڵی بەتاڵەوە بەو ڕێگایەدا نەدەڕۆیشتم کە گیرفانی پڕی پێویستە نەک دڵی پڕ.
دایکە، باوکە...
هەرکاتێک ئەو باسەم لەگەڵتان باسکردوە، وەڵامتان هەر ئەوەبووە
( کوڕم ئێمە بەخێومان کردی )!
دەی ئێوە منتان هێناوە و لەسەرشانتان ئەرکبووە کەبەخێووم بکەن.
ئاخر من لەماڵەوە ئێستا باڵندەیەکم هەیە، مادام کڕیوومە ئیتر ئەرکە لەسەر شانم کەبەخێوی بکەم...
بەخێوکردنی منیش لەلایەن ئێوەوە ئەرکە، نەک منەت...
دایکە، باوکە...
ئەو هەمووە منداڵە بۆ؟!
چیە نەسل و نەوەی موسڵمان زیاد دەکەن و ئومەتیی ( محمد-د.خ-) زۆر دەبێ؟!
ئاخر ( محمد - د.خ -) لەگەڵ ئەوەیە تۆ بەبرسیەتی ونەبونی ونەهامەتی ئوممەتەکەی زیاد و زۆربکەی؟!...
دەستەکانتان ماچ دەکەم،
بەڵام ئەگەر سێ تا چوار منداڵ بن ئەوە جوانتر و باشتر دەستت بەپەروەردەکردنیان ڕادەگا و خۆشتان ئەوەندە پێیانەوە ماندوونابن.
باوکە، دایکە...
من تائێستاش نازانم ئامێز و بۆنی دایک و باوک چیە و چۆنە!!
دەزانم لە خراپیتان نەبووە، بەڵکو زۆربوین و لەپاڵ زۆرییەکەشمانەوە هەژار و نەدار بووین،
ئیتر بەوە ڕانەدەگەیشتن ناز و خۆشەویستیمان
پێببەخشن...
بەڵام ئەی من چی؟...
ئەی من ئەومافەی خۆم لەکێ داوابکەم و لەکێی وەربگرم!
زۆر زۆرم لەدڵە دایە گیان، بابە گیان...
ڕاستە من ئێستا لەسایەی خوداوە زۆر شتم هەیە و خاوەنی زۆر شتم کە کەم کەس هەیەتی،
بەڵام تێنویەتیم ناشکێنن، چونکە لەکات و شوێنی خۆیان نەبوون و نەهاتن.
من لەو مانگە گەرمە لەدایک بووم، پلەکانی گەرمی دەروونم سەد هێندی پلەکانی ئەو وەرزەن.
■○■
(۹)
[بۆ هاوژینی خۆشەویستم، دیارییە]
لەئاسماندا،
باڵنده، ههساره، مانگ و دهستهخوشک و
هاورێکانی.
له دهریادا
دوور، یاقووت، ماسی و دهستهخوشک و
هاورێکانی.
له ووشکانیدا،
شاخ، دۆڵ، دهشت و دهستهخووشک و
هاورێکانی.
لهو جێگهی ئیستەی (من)یشدا:
دڵ، هـهست، چاوو و
تێکرای جهستهم!
ئیتر،
ئاسمان و دهریا و ووشکانی و من
بریتین له (تــۆ)!
(تۆیش)، بریتی لە
ههموو...
■○■
(۱۰)
هەرکات خۆرەتاوبوایە،
دایکم
بەشێک لەجلەکانی
بەسەر تەنافی حەوشەکەدا
هەڵدەواسی...
ڕۆژێک لێمپرسی:
جلەکان تەڕنین، بۆچی هەڵیاندەخەیت؟!
* فەرمووی:
تاوەکو بۆنیان خۆشببێ...
* منیش،
نایزانم ئەوهەمووە ئازارانەی ناخم
بەسەر کام تەنافەوە هەڵبخەم؟
تاوەکو کەمێک بۆنی دەروونم
خۆشببێ؟!.
■○■
(۱۱)
ئێمە،
بە برینپێچ تێگەیشتوون!
هەرکەسێک هات و
برینێکی خۆی بەئێمە ساڕێژ کرد.
خۆشمان،
گیان و ڕۆحمان
سەدان برینی تێدا هەیە و
کەس نەبوو بە برینپێچ...
■○■
(۱۲)
تۆ،
منت
حەواڵەی ڕۆژگار کرد...
منیش،
تۆ
حەواڵەی خودا دەکەم...
گڵاڵەکردنی ئەم بابەتە: #زانا_کوردستانی