انجمن شعر و ادب رها (میخانه)

انجمن شعر و ادب رها (میخانه)

شعر و ادبیات و کمی سیاست
انجمن شعر و ادب رها (میخانه)

انجمن شعر و ادب رها (میخانه)

شعر و ادبیات و کمی سیاست

غەمگین بۆڵی

کاک "غەمگین خدر"، ناسراو به "غەمگین بۆڵی"، یەکێکە لەشاعیرە گەنجەکانی سەردەم، چەندین بەھەمی شعری ناوازەی نوسیووە، تا ئێستا سێ کتێبی شیعری چاپکراوی ھەیە، بەن، اوەکانی:

- تەرمێک لەسەر زمانم دەنێژم

- نەخۆشخانەی شاعیران

- تەنیا تۆ دەتوانی تۆ بیت 


  


(۱)

[تەنیا تۆ دەتوانیت تۆ بیت] 

چوومە ئەو دیوی زەمەنێکی ڕەنگاڵەی بێڕەنگ 

چاوشارکێم لەگەڵ تراویلکەی مەرگی خۆم کرد

قەبری خۆم لێ ون بوو

گەڕامەوە بۆ ژیان، ناچار

کەس وەک خۆم وەری نەگرتمەوە

لەو نێوانەدا ماومەتەوە

لەناو ئەو شیعرەدا سەرەدیقەمە لەگەڵتان.

...

دەستم لە گیرفانی دەرهێنا  

هیی هەر هەمووتان

گەرمی هەموو پێستێک ساختە دەرچوو

ڕووی مرۆڤانەی هەمووتان سارد سارد

بووە چایەکی یەکڕەنگی لە بیرکراو

پێش بمرم

پێش ئەوەی بزانم گۆڕم لە کوێیە؟

پێش ئەوەی ڕەنگی کێڵم بزانم!

پێش ئەوەی بزانم بۆ مردوومە؟

هەمووتان بە یەک دەنگ، دەنگێکی گڕ 

گوتتان: لە گۆڕت بەم!

...

لەوەتەی تۆ ڕۆیشتوویت  

هەورەکانی ئاسمانیش بێدەنگییان لێ دەتکێ  

باشە قەینا تۆ لە من بێدەنگی 

بەس ئاسمان بێدەنگی بۆ کێ؟

...

بووینە ڕابردوو

ڕابردووت برینی ئێستامانە،

قووڵ

قووڵ

بە جەستەی ئایندەمانەوە.

 


(۲)

دەنگی گۆرانییەکی ماندوو لەو تڕومبێلە سکڕابە دێت 

....

جگەرە پۆخڵەواتچییەکان بکوژێننەوە


دووکەڵی جگەرەکە بەرز بۆوە

ئەو ناوەی سەغڵەت کرد

پاکەتی جگەرەکە کەوتووە

لەو سەری حەوشەی ماڵ

قوژبنێکی نەماوە بۆ هەناسەی تەماشایەک.

گۆرانییەکانی تێکەڵ 

بە غەڵبە غەڵبی خۆکوشتن.


لە دەرەوەی حەوشەوە

وەڕینی سەگێکی هیلاک

ماندوو ماندوو

پێشوازی دەکات 

لە ترقە ترقی پێڵاوی نەفەرێک 

شالوورێکی ڕەنگاو ڕەنگ بەسەر دارهەناری حەوشەکەوە

سروودی تریفەکانی سەحەر دەخوێنێت.


دیسان جگەرەکێشەکە:

ڕۆژگارەکانی لەبەر شەبەنگ  

پۆخڵ  

پیس پیس 

لە بیر دەچن 

وشەکانی پڕ دەبن لە پۆخڵەوات

لە پڕدا دەنگی گوللەیەک!


دوایی کەمتر لە دەقەیەک...


پیاوە جگەرەکێشەکە بێدەنگی دەیخواتەوە

دووکەڵەکە فرمێسکی بەرز دەبێتەوە

کراسێک لە خوێنی خۆیدا دەگەوزێت 

کونبەدەر بووە

جگەرەکەیش لە قەراغی جۆگە 

دووکەڵ

فرمێسک 

دووکەڵ 

فرمێسک 

دووکەڵ 

...

دیارە مەرگ سەغڵەت بووە لە ژینی خۆی

خۆکوشتن دەچێتە گەرماو

خۆی لە ژیان دەشوات

ڕۆحی بسمیل دەکا 

لە ناوەراستی کۆڵان تا ئەو سەریش 

ڕاوەستاوە

زەق زەق

دەرگەکانیش داخراون کەچی.

 

پەنجەرەکانیش دڵیان تووند 

دەنگی گۆرانییەکی ماندوویش 

ڕووداوەکان کاوێژ دەکاتەوە.


ترس

بێدەنگی شەق دەکا 

شەق شەق دەبێ 

چیڕۆکی پیاوێک و 

پیاوی ناو چیڕۆکەکە 

پارچە 

پارچە 

تڕومبێلێکی پەنچەر

تایەی غاردانی لچشۆڕ

کونەکانی سوور دەچێتەوە

هۆرنی ژیان 

بۆ کام مەرگەسات لێبدەین 

خۆی مرۆڤبوون ژیان بسمیل دەکا 

خوێنی گەرمی کەسێک 

ناوەڕاستی کۆڵانەکە قەرەباڵغ دەکات

کوژراوێک کە دەشێت تۆ بیت 

سڵ لە خۆی دەکاتەوە

ترس تا سەر کەپووی دێت و

زرم م م م

تەقە لە سێبەرەکەی دەکات.

(۳)

[قووڵایی شەو] 

لە پێش دەستم دەجووڵێیت 

تارماییت تاکوو ئەوپەڕی قووڵایی شەو دەڕوات و

ئەستێرەکان دەژمێری

شکستی ئەو شەوانە بۆ پەنجەکانم ئەوە بوو

باغەوان نەبووم و

نەمتوانی زمانی گوڵ لە شیعرمدا بچێنم 

ئامێری زەبەلاح کەوتنە تەنیشت پەیڤەکانم 

رەشبینی بەناو پەراسووەکانمدا بڵاوبۆوە 

ئەو هیوایەتەم لە گۆڕی باوکت نا!

ڕابردووی خەواڵووم هەستا 

لەکاتی دووبارەی خەودا

 بنێشتجوین پێکەنینە بە گریانەکانت.


لەم شیعرەدا 

دەمەوێت قووڵ لە ئازارەکانم ڕۆبچم 

تاکوو هەست بە دەمارەکانی ژیانم  بکەمەوە.


چاوم لە قووڵایی ئاسماندا تاریک داهاتووە 

شەو بەناو ڕەشبینم وەک تاعوون بڵاوبۆتەوە 

ڕوخساری ئەستێرەیەک لە نیگام دەچەقێت 

وەسوەسەی مەرگ رۆحم ڕادەچڵەکێنێت و

بیری ئاسوودەیی دەکەم

بیرت دەکەم 

ئاسوودەیی دەستەکانت لێوڕێژی پەمۆ بوون.


چەند رۆژێکە ئەوەندە گەرمە 

بیری کۆخەکۆخی زستان دەکەم

ئاسمان ئەو کاتانە ئەوەندە شین و مۆر هەڵگەڕا 

تاکوو ئاو لە سینگی چۆڕا

تۆیش ئەوەندە نقوومی ئاسمانم بوویت،

تاکوو ئەستێرە لە دەستەکانت ڕژا.


لە ژێر سەقفی ماڵێکدا 

شەو باری و 

تاریکی بیناییمانی کردە کۆیلەی خۆی. 

خەتای ڕووناکی گەورە نەبوو، 

خەتای بێخەتایی ئێمە بوو. 

ئەو خەتایەی قاوەی ئەڤینی 

هەتاهەتایەی لە بەردەممان سارد کردەوە. 

کە قاوەی بەردەممان ساردیش بۆوە، 

هیچ گڕی ئەوینێکی دیکە، 

هیچ ئاگری سووتانێکی دیکە ناتوانێت گەرمی بکاتەوە. 


لە هەینێوە...

تەلەفۆنت بۆ مەرگ کردووە، 

تاکوو بێتە سەردانت و قاوەیەکی تاڵتر 

لە ژیانت لەگەڵ بخواتەوە.

کە پەیڤەکانم بوونە بەرد، 

تۆ بۆ بوویتە شووشە و بەبێ  

ئەوەی تاڵە پرچێکت بشکێت، 

هەستت بە شکان کرد. 

لە پێناوی ئەوەی سەری دڵخۆشییەکانت نەشکێت، 

پشتم  کردە پشتم! 

پشتم کردە چیژی دنیا و 

دەستەبەرداری هەموو شتێکم بووم، 

تەنیا زمان نەبێت.

قسەی هەموو گەردوونم پشتگوێخست، 

تەنیا لە پێناوی ئەوەی حەزی تۆ گاگۆڵە بکا و نەمرێت. نیوچاوانت  

ئەوەندە بەرز بێت، 

هەتاکوو پرچت بەناو ئاسمانی  

شەوەکانمدا بخشێت. 

تاکوو بەئاسانی بتوانیت دەست لە  

نەرمایی هەورەکان بدەیت و 

بارانەکان لەسەر دەریاکان راگری و 

وەرزەکان بە ئارەزووی خۆت بگۆڕیت. 


دووبارە هاتمەوە و

شیعری ئەڤینی قووڵایی شەوم بۆ نووسییەوە

لە دوا دێڕدا،

لاپەڕەیەکی سپیم بۆ جێهێشتی. 


چاوم بە پێکێک مەراقەوە مەستی گریان بوو

فێڵم لە دڵم کردەوە

ئەوەندە خوێنی خۆم خواردەوە 

هەتاکوو خرۆکە سوورەکانم قڕکردن

خوێنم نەما و لە بێ خوێنی تۆشدا خۆم کوشت!

هەر نەمهێشت دەفتەری خۆزگەکانت بدڕێنن 

هەر نەمهێشت دەستەکانت بکەنە لافیتەی پرسەکەم

هەر نەمهێشت پەرێزی پرچت ئاگر بگرێت 

هەر نەمهێشت گوللە بە قووڵایی ئاسمانت وەنێن 

هەر نەمهێشت کەوتنت بکەوێتە بن پێم 

نەمهێشت بمری و بۆت مردم!


بۆت هەزار جار مردم و 

دوو هەزارجاریش ژیامەوە

تەرمی خۆم لە بن زمانم شاردەوە و

جەستەم خستە سەر پێیەکانم و ڕۆیشتم...


جەهەننەمیش بەم هەموو ئازاری مردنەوە 

وەری نەگرتم و 

نەیتوانی ئەو هەموو ئازارەم بسوتێنێت. 

نەیتوانی ئەو هەموو گوناهەم 

لە پەنای پەیڤی پاکبوونەوەدا بشارێتەوە. 

ئێستایش ئەوەندە مردن 

لەناو ژیانمدا کۆچی دوایی کردووە، 

بەرگەی کارەساتی مەرگی مریشکێکیش ناگرم!


دەڕۆم و دەڕۆم...


تەرمەکەم بەناو شاردا هەر هاتوچوویەتی

نە هیچ ڕۆژگارێکی ڕەش دەیلاوێنێـتەوە

نە هیچ شەوگارێکی سپیش قسەیەکی لێوبەخەندەی لەگەڵ دەکات. 


ڕوخساری مەرگم شێوێنراوە و 

هەبوونی تەرمەکەشم بە ژیان نامۆیە!

خۆم وەک تارمایییەک دەبینم.


ئەوەندە سەری بێ ڕۆحم لێ تێکچووە، 

ناتوانم بەم هەموو ئازارەوە تەرمەکەم ئاو بدەم، 

ناتوانم بەم هەموو برینەوە 

تەرمەکەم بەرمەوە بن سێبەری سەقفی ماڵەکەم، 

ناتوانم بەم هەموو مەرگەی 

لەناو تەرمەکەمدا تەقەتم کردووە، 

لە پەراوێزی ژیانیش بژیم!


دەزانم کە دەزانن،

حەز دەکەن زمانم تفت بێت.


بوورام، ببوورە

حەیاشم چووە ئەوەندەی بمرم!.




گڵاڵەکردنی ئەم بابەتە: #زانا_کوردستانی 

نظرات 0 + ارسال نظر
برای نمایش آواتار خود در این وبلاگ در سایت Gravatar.com ثبت نام کنید. (راهنما)
ایمیل شما بعد از ثبت نمایش داده نخواهد شد