دڵسۆز حەمە
خاتوون " #دڵسۆز_عەبدولڕەحمان_حەمە" ناسراو به " #دڵسۆز_حەمە "، له ساڵی ١٩٦٨ زایهنی، لە گەڕەکی سابونکەران - #سلێمانی لە دایکبووە.
له ساڵی ١٩٩٣ کۆلێژی ئەندازیاری بەشی تەلارسازی - زانکۆی موسڵ تەواوکردووە. لە سەرەتای نەوەدەکانەوە شیعر دەنووسێت و بڵاوی دەکاتەوە، لە ساڵی ١٩٩٨ ەوە لە هۆڵەندا دەژی، دبلۆمی پێداگۆگی مندالانی بەدەستهێناوە. زمانەکانی عەرەبی، فارسی، ئینگلیزی، هۆڵەندی دەزانێت.
سێ دیوانی شیعر و ڕۆمانێکی بڵاوبۆتەوە:
- لە کۆتایدا بیرم کەوتەوە تەماشای خۆم بکەم.
- لە پایزێکدا دەمخوازێت، ٢٠٠٩
- تاقانەی یار، ٢٠١٢
- ڕۆمانی یادەوەری خوێن لە زمانی گوڵەوە.
هەندێک لە شیعرەکانی بۆ زمانەکانی: عەرەبی، فارسی، ئینگلیزی، ئیسپانی، فەڕەنسی، هۆڵەندی وەرگێدراوە.
■◇■
(۱)
من
کە ژنێکی پرخەیاڵ و
ڕوبارێکی پڕ لەماسی و
زەمینێکی پڕ شکۆم
بەسانایی داگیر ناکرێم
بە سانایی پڕ نابێتەوە تەماشام
واتلێکردوم
ئاواتەخواز بم لێرە بیت
نزیک نزیک وەکو چاوم
وەکو پێستم
وەکو قسەکانی دڵم
باوەشم کەیت
ماچم کەیت و وەک ئەستێرە دامگیرسێنی
وەک جۆگەلە ڕامبکێشی بە زەویدا
داگیرم کەیت
لەت و پەت و
پارچە پارچەو وێرانم کەیت
کۆترەکانم هەڵفڕێنی
بە هەناسەمدا تێپەڕی و
دەستم لە کەمەرتا وون بێت
تا نەمرم قەت نەمدەیتەوە
پڕ پڕم کەیت لە دەنگی خۆت
لە هاوار و شپرزەیی وگومانی خۆت
وەک شەقامێک دوای تەواوبونی کەرنەڤاڵ
وەکو دێیەک دوای زەماوەندی دو درەخت
وەکو دەریای ئەتڵەسی دوای تێپەڕینی ناوەختی کەشتیەکان
وەها نەخشەکەم بگۆڕیت
کە خۆشم خۆم نەناسمەوە
قەت نەبمەوە بە ژنەکەی جاری جاران..
(۲)
بەر هیچ پیاوێک نەکەوتوە پێستەکەم
نەیداوە پێم هیچ ئادەمێک سێوێکی سور
دووگیانم لە ئازاری خۆم
لەو ئەستێرانەی شەوانە
تا بن گوێچکەی فریشتەکان
هەڵمدەکێشن لە تریفە
لە دەنگی داگیرساوی بروسکە
لە ڕوناکبونەوەی گومان
لە شەپۆلی پەپولە
دووگیانم لەو ڕستانەی
پڕن لە لێزمە وبروسکە وباهۆزی ووتن
لە دڵشکانی پیتەکان
لە درەوشانەوەی هەقیقەت.
(۳)
دڵیشم هەروەک ماڵەکەم
هەر هەموی لە ئاوێنەیە
لەم دونیا مڕومۆچەدا
بۆیە، کەم کەس ڕوودەکاتە ماڵم
بە دەگمەنیش یەکێکیان
لە دڵما دەمێنێتەوە.
(۴)
هیچم نامەوەێ
یەک کەم میهرەبانی و
شەقامێک
کە تەنهاییم دڵتەنگ دەبێ
نائومێدی وونی دەکات
سەرخۆش دەبێ
بتوانێت بێتەوە لای تۆ
(۵)
با لە (مەریەم) دەست لێنەدراوتر بم و
دڵم لە ڕەنی ڕوونتر بێ و
لە جوا نی گەلێ جوانتر بم
کێ دەمهێنێ؟
لە زێدی پاتریارکە غەمگینەکان
پاتریارکە بچکۆلەکان
کێ دەمخوازێ؟
کێ لەم هەمو منداڵەی من
ماڵەکەی خۆی پڕدەکات
کە هەریەکەی لە خەیاڵێکە و
لە گومانێکە و
لە ئازارێکەو
سەفەرەکان بەخشیونی پێم؟!
(۶)
زێدێکم داگیرناکرێم
ئاوێکم ڕانەوەستاو
ڕۆحێکم غەریب، غەریب و
وەکە هەور لە سەفەردایە وجودم.
(۷)
بەوەی نیە تەنورەی تاپشتی ئەژنۆ بەردەکەم و
چاو دەڕێژم و
عەتری پاریسی لە خۆم دەدەم و
پایتەختەکانی دونیا گەڕاوم و
بە چوار زمانی بێگانە قسان دەکەم
لە ژنێکی عەسری دەچم،
من کلاستکیم لە عەشقدا و
دەروێشانە بە ئازارما دەشکێمەوە و
ئامادەم
هەمو عومرم بەوچاوانەی تۆ ببەخشم و
بمرم بۆی.
(۸)
لەوەش درزبروترم کە خەیاڵی شکان دەیزانێ
هەر هەمو ڕۆحم پینەیە
لەوەش تاک و تەنها وغەریبترم
کە حیکایەتی جێهێشتن دەیگێڕێتەوە
نە ووڵاتم هەیە ووڵات
نە پیاوێکیش
کۆی کاتەوە پارچەکانم
(۹)
لەگەڵ ئازادردا ڕاهاتوم
لەگەڵ خراپەی دیوار و
خیانەتی پەنجەرەکان
سنگم لێوانی گومانەو
دڵم لە جێگای خۆی نیە
وەکو ئاوارەکانی کەرکوک
هەر پارچەی لە کەنارێکە.
(۱۰)
مەیەرە تەنهاییمەوە
بە ئازارما سەفەر مەکە
وەک ڕەشەبا بێڕەگ و ڕیشە و ووڵاتم
وەکو دڵۆپەکانی باران
لەسەفەردایە تەنهاییم.
(۱۱)
تۆ بیانویەک بویت
تا سبەینان چاو بڕێژم
جوانترین جل لەبەر کەم و
خۆشترین بۆن بەم لە پرچم و
گەشترین خەیاڵ لەگەڵ خۆمدا بگێڕم
(۱۲)
سەردەمی کورتە نامەیە
نامە ئەلەکترۆنیەکان
بۆیە پەیوەندیەکانیش
تەنک وکورت و
بێڕەنگن
وەک کارەبای ئەم دەڤەرە
دەکوژێتەوەو دادەگیرسێ
سوتانی بەردەوام نیە.
(۱۳)
لە دڵی دارستانێک زۆر زیاتر
ئارەزوی سەوزی و باران ودەستە زۆر نەرمەکانی
هەتاو دەکەم
لە ڕوبار خۆی تەڕو تیژ وزیندوترە
خەیاڵی دەمارەکانم
وەلێ
سەر بە نەژادی توڕەییم
سەر بە مێژوی بەردو سەحراو
ماڵێکی پڕ لە تاریکی و
هەتاوێکی لە پێکەوتو
لە گوناهدایە قاچەکانی خۆشەویستی
لە خوێندایە خەیاڵی پێکگەشتنی
دەف وقۆچەکان
ئیدی لە کوێدا سەوز بێت دڵم
بە کوێدا جۆگە لێدات ژنێتیم؟!
(۱۴)
تا تۆ هاتی
بە غەریبی کوناوردە بو هەناسەم و
بە خاچی غەریبیەوە خوێنم لێدێت
چەند درەنگ هاتی ڕۆحەکەم
هەتا ماوم خۆش نابم لێت.
(۱۵)
لەوانە نیم بە حیکایەت مردنی خۆم
دوور خەمەوە
بەڵکو مردن خۆی تکام لێدەکات
کە خۆم نەکوژم
ئەو تەنها دەمێنێتەوە
(۱۶)
لەو ڕۆژەوەی چاوەڕوانیم لە خۆدا کوشت
تەماداری خۆشەویستی هیچ پیاوێک نیم
ژیانم گەش و گوڵدار و ڕەنگینترە
بەڵام هیچ بۆنێکی خۆشی نیە
(۱۷)
تەنهاییم نیشتمانمە
تا زیاتر دەچەوسێمەوە
بەرزتر دەفڕێ مەلەکانی ڕوانینم
قوڵتر دەبێت ئازارم و
شکۆدارتر دەبێت باخچەکانی ژنێتیم
(۱۸)
خۆزیا، کاشکی
لە موبەقێکی بچوک و لاتەریکدا
جێگای دەبۆوە ڕۆحم و
دەنیشتەوە شپرزەییم
بە هەستی خۆم… بریندارم
بە خەیاڵم… وێران بوە ئارامیم
بە هۆشیاریم... شەهید بووم و لێبومەوە.
(۱۹)
لەگەڵ تۆدا نازانم
یاری بە ئاو دەکەم یان بە ئاگر
بخنکێم و بسوتێم… هەریەکێکە ڕۆحەکەم.
(۲۰)
شەیدای ووشەم
دەمرم بۆ زرنگەی ڕستەیەکی گەرم وعاشق وپر ژیان
چاوم لە پەنجەرەی ئەو کۆشکانەیە
لە خەیاڵدان و
زەمینیان لە ڕۆحدایە.
سەد حەیف،
لە بونێکی کەڕ ولاڵ وبێزمان و
بێسەوادە بونی من
بونێکی پێکراو
سەر بە هەیاهۆی شەڕگە و بازاڕ و کۆڵانە سیلدارەکان
ئەو کۆڵانەی
ئەو بازاڕەی
ئەوشەڕگەیەی
بەردەوام دەنگێکی زبر بە ناوی دۆزەخەوە
بە منداڵیماندا دەگەڕێ و
بەردەوام هەڕەشەدەکا وپێمان دەڵی: ووس بن.
(۲۱)
ڕۆژێک(دە)نامە دەنێریت
(دە) ڕۆژی تر دەنگت نیە
دەمبەیتە کۆشکی هەورەکان
پڕم دەکەیت لە هەزار ڕەنگ
وا دەزانم شازادەم و
پەریم و
جوانترین ژنم
ڕۆژێکی تر وەکو هەوا ڕەنگت نیە،
من خۆم ڕۆحم لە پینەیە و
میزاجم سەد ڕەنگی هەیە
سەرەتاتکێ و مانۆڕی وام لەگەڵ مەکە
تاقەتی یاری وام نیە
عەشق هەزار ڕەنگ و یەک ووشەیە
هەزار گەروو یەک ڕستەیە
سەفەری سەر شەپۆلێکە
ئەمبەرەوبەری تیانیە
(۲۲)
ئارەزوم کۆکردنەوەی عەتر و
خوێندنەوەی کتێبەکانە،
عەتر… تابەرگەی ئەو بۆگەنە بگرم
کە لە پەیوەندی هەڵدەستێ
کتێبیش… بەڵکو تێبگەم
بۆچی وا بۆگەنی کردوە ژیان.
(۲۳)
هەور ئاسمانی تەنیوە
دڵی من تەنگ وتاریکە،
لەو دارستانە گەڵا وەریوە
ڕۆحی من سەرگەردانە،
لای ئەستێرەیەک جێماوە نیگاکانم
دڵم لە جێگای خۆی نیە
عاشقم من
(۲۴)
خۆزگە
خێل وقیچ و ناتەرازوو با،
چاوەکەم
بەس گەش و جوان وسیحراوی بایە،
بەختەکەم.
(۲۵)
هەرچاوێکم هەمو ژنی دونیا دێنێ
بەهار ڕۆحم جێناهێڵێ و
هەمیشە سەوزە سێوەکەم
نێرگز بۆنی خۆی بەخشی پێم
پرچم ڕوبارێکی درێژ
کەچی،
ووڵاتێکی چۆڵە دڵم
لادێیەکی ڕاگوێزراوە چاوەکانم
تەنهاییم بە تەنها دەژی.
(۲۶)
لەبەر گوڵخانەکاندا... تەماشام
بە ڕەنگەکاندا ڕادەکات،
چی دەبو یارێکم هەبا
ئێواران کە دەهاتمەوە
چەپکێ گوڵم بۆ کڕیبا.
(۲۷)
باخێکم دەویست
هێندەی پیاسەکردنی تەنهایی
پەنجەرەیەک
سبەینان زوو
کە کوڕەکەم بۆمەکتەب دەچێ
دەستە زۆر بچوکەکانی ببینم،
کە لە ڕوی ترس و گومان و شپرزەیی مندا
مشتی پەپولە بە ئاسماندا بڵاودەکاتەوە.
(۲۸)
درەختی تەمەن هەڵدەکشێ
هەمو شتەکان گۆراون
ڕەنگی ژیان
تامی عەشق و
شێوەی سێبەرەکانیش
تەنانەت ئەو پەنجەرانەش گۆڕاون
کە لێیانەوە دەمڕوانیە ژیان و
ئازارم پێدەخوێندە
جێگاکەی تۆ نەبێت لەناو دڵما
هەروەکو خۆیەتی قوربان.
(۲۹)
بەردێکی بەر دڵم کەوت و
هاڕەی کردە زەوی ڕۆحم
پارچەکانی کۆکردەوە و
هەلیدایەوە ناو سینەم
دڵم چاک بۆوە بەڵام
قەد شێوەکەی جاری جاران ناگرێتەوە.
(۳۰)
دەنگی تۆ
بە هەوادا
بە هێڵی تەلەفۆن و
بە پانتایی خاتیرەمدا
هاژەی ڕووبار و شنەباو
دارستانی گوڵاوە
دەمهێنێتەوە ناو ژیان.
(۳۱)
میهرەبانی هەتاو
ڕوخۆشی ئەستێرە و
ویقاڕی سەبری بەردەکان
بەسەر سنگی بەرزی چیاوە
هەروەها
شنەی بەیان کە بە بن گوێما دەڕوات و
خاتیرەم پڕدەکات لە ماچ
بۆنی خاک و
ئاشتبونەوەو خۆڕاگری
جوانیەکان هەرهەمویان
دەمبەنەوە سەریادی تۆ
سەرجێگای تۆ
سەر عەشقی تۆ.
(۳۲)
کە ژنێتیم
بە چۆڵایی تەنهاییدا
پیاسەی دەکرد
دەگریاو ئازاری دەهات
نە درەختێک
نەدەرگایەک
نە شۆستەیەک
گوێی لێنەبو،
کە ژنێتیم عاشق بو
دەستی بە کەمەری پیاوێکەوە بەجێما
زۆربەی دارستان و
دەرگاو کۆڵان و
شەقامەکانیش لەگەڵیانا
کەوتنە هەڕەشەکردن لێم.
(۳۳)
لە شەنگەهای، یان لەندەن بیت
لە پاریس بیت یان لە تاران
لە هەولێر بیت یان
بەری قەراخ و بادینان
هەناسەت دەگاتە گوێچکەم
دەستم دەگاتە کەمەرت
سەردجار خۆم دەکەم بە قوربان.
(۳۴)
کە ئیمایلەکەم کردەوە
شەپۆلی ئەستێرە هەستاو
کۆشم پڕ بو لە تریفە
دەزانم نامەت هاتوە
(۳۵)
هەر هەناسەیەکی تۆ بەبن گوێما
هاژەی هاتنی شیعرێکە
هەرماچێکی جێماوی تۆ لەناو قژ
و لەناو دەست و سەرکەمەرم
دارستانی گوڵ ودەریای ئەستێرەیە
بۆیە هەمیشە کە تۆدێی
بۆنی گوڵ وڕەنگی ئەستێرە دەگرێت ژیانم
(۳۶)
پەنجەی میهرەبانی هەتاو نیە
کە لە شوشەی پەنجەرەی دا،
زەنگی سەعات و
شاوری شەمەندەفەر و
هەیاهۆی ڕێبواران و
لێدانی دەرگای ژیان نیە
کە سبەینان بەئاگام دێنێ و
پڕم دەکات لە جوڵە و
چاوەڕوانی
بەڵکو
خاتیرەی بۆنخۆشی عەشق و
پەنجەی نەرمی خۆشەویستی تۆیە
ڕۆژەکانم دەکاتەوەو
بەئاگام دێنێ و
دەمباتەوە بەردەم ژیان.
(۳۷)
ئەو درەختەی بەر پەنجەرەکەم
لە تۆ میهرەبانترە بۆم
زۆرجاران سەرنجم دەگرێتە باوەش
ڕایدەژەنێ تەنهاییم
(۳۸)
بەقەد گەشی و جوانی چاوم
بەختم، ڕەش وناشرین و وێرانەیە
دەنا چۆن تەنهایی دەیتوانی بێتە ماڵم و
ئاوا لە خۆییم مارە کات.
(۳۹)
خۆشت بکوژی
ئیدی نامەت بۆ نانوسم
جگە لە تۆ
دوو عاشقی ترم هەیە
دوو ماڵی تر
دوو پەنجەرەو
دوو ئازاری گیانی بە گیانی
کە قەت لێم جوێ نابنەوە
جێم ناهێڵن...
شیعر و تەنهایی.
(۴۰)
دڵم تەنگە
دڵم تەنگە
دڵم تەنگە و
بەتەنهایی دەمرم، دڵنیام
پێناچێت تازە ئەو بگا و
گرێکانی بکاتەوە.
(۴۱)
لێت خۆش بوم و
لێت خۆش دەبم
سەدجار گەردنت ئازاد بێت
ئەوەندە برین ودرز و
ئازار لە ڕۆحی مندایە
ئەوەی تۆش با بێتە سەریان.
گڵاڵەکردنی ئەم بابەتە: زانا کوردستانی