انجمن شعر و ادب رها (میخانه)

انجمن شعر و ادب رها (میخانه)

شعر و ادبیات و کمی سیاست
انجمن شعر و ادب رها (میخانه)

انجمن شعر و ادب رها (میخانه)

شعر و ادبیات و کمی سیاست

دڵزار حەسەن

دڵزار حەسەن

ماموستا "دڵزار حەسەن"، شاعیر و نووسەری کورد، لە دایک بووی ۱۹۷۵ زایه‌نی هەولێره.

  

بڕوانامەی دبلۆمی هەیەو لە کۆتایی هەشتاکان کاری شانۆیی کردووە، چ وەک ئەکتەر چ وەک شانۆنووس.
هەروەها شیعر و بابەتی ئەدەبی بڵاوکرۆتەوە.
لە سەرەتای لە دوای ڕەپەڕینی ۱۹۹۱ چەندان بابەتی ئەدەبی و شیعر و نووسینی ڕۆژنامەوانی لە گۆڤار و بڵاوکراوەکانی کوردستان، بڵاوبووەتەوە، بەشداری چەندان سیمنار و پێشانگە و چالاکی ئەدەبی و کلتوری لە ناوەوەی کوردستان و دەرەوەی هەرێمی کردووە.
چەند پەرتووکێکی لە بواری جیاجیا چاپکراوە،
سێ پەرتووکیشی لە بواری ئەدەبی و شیعر لەژێر چاپدایە.
- بەتەنیشت ژیانەوە، مانیفێست
- لێوم گەلای ماچی گرتووە، شیعر
- لەپەراوێزی پەرتووکدا، کۆمەڵێک وتاری کورت.
پێنج پەرتووکی دیکەشی چاپکراوە لە بواری دیکەوە:
- ئنسکۆپیدیای گەشتیاری هەولێر، بە پێنچ زمان، کوردی، عەرەبی، ئینگلیزی، تورکی، فارسی
- هەولێر لە ۱۰ ساڵی زێریندا.
- ڕێبەری پایتەخت، ژمارە یەک و دوو.
ئەلبومی هەولێر، بە زمانی ئەڵمانی.
- ئەندامی دەستەی کاری سەندیکاری ڕۆژنامەنووسانی کوردستانه
- ئەندامی فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتیه.
- ئەندامی دەستەی کارگێڕی کۆمەڵەی پەرتووک دۆستانی کوردستانی.
- دەستەی دامەزرێنەر و ئەندامی دەستەی کارگێڕی ڕێکخراوی چاودێری و بەدیکۆمێنتکردنه.

■●■

(۱)
بۆ ئەرخەوان رەسول ژنێک لە شیعر
هەر کاتێک سەیرت دەکەم
بێدەنگیم ئەشکێ و
لە نێو تاریکیی گومانێکدا چرۆ دەکەم
هەر کاتێک تێت دەڕوانم، ئاگاییم خەندەی شیعر دەگرێ و
لە نێو دەریای ژندا خەیاڵ دەبم
هەموو شتێک لە تۆوە دەست پێدەکات
پێکەنین، خەمگینی
تەنانەت ژیانیش.!
کە سەیرت دەکەم
نیگام وەک هەوری بەهار لوولدەبێت
تک تک خوناوی وشەی لێ دەتکێ
کە لە نزیک باخچەی ئەوین، بۆ پیاسەیەکی درەنگ وەخت،
لەسەر کورسییە بێ ئۆقرەکانی غەریبیم دادەنیشیت و
دەفتەری ژوان دەگریەدەست و
ساتە خەماویەکان تۆمار دەکەیت
ئیدی خونچە دەر دەکەم
باڵا دەگرم و کتێبم لێئەڕوێ
دیمەنێک دەپشکوێ، هێندەی قووڵایی تەنهایی نیگەران
هێندەی بەرینیی فیراق بە سوێ،
لە وەها نیگارێکدا
مەودای نێوانمان وێنەیەکی زۆر ماندووە
کە رەنگەکانی لە هەناسەی سەرکوڵمەکانت دەچێ
ئەی بێنازترین ڕەنگی دونیا
حەزینترین تاڵیی
بێکەسترین ئاواز
نامۆترین هەناسە
ئەی دڵتەنگتر لە کامەرانیی
ناسکتر لە پەڕەی گوڵ
هێمنتر لە شەپۆلی دەریا
غەمگینتر لە دڵنەوایی
ئەی گەرمتر لە کەناری چاوەنواڕی
قووڵترین هاوار،
بێباڵترین  ئاسمان
فەرامۆشترین فڕێن
ئەی خامۆشترین تابلۆی دووریی
مەستترین خەیاڵ
دڵخوازترین زام
درێژترین حەیران
من تەنها گوێ لەو نیگەرانیانە ئەگرم
کە ئەمباتەوە بۆ سەر رێگای شیعر
ئەو گۆرانیانە ئەپۆشم
کە ئاشنام دەکەن بۆ سەر تەریقەتی پەپولە...
بۆ کێی باسکەم
کە هەموو ئێوارەیەک لەو پەڕی بێدەنگیدا
دەستم لەسەر ئەژنۆی بیماری رۆحمەو
لەو دیو دەرگا تەلیسمکراەوکانی ئەدەب
گوێم لە ترپەی دڵی شیعەرێکی شکاوە
بۆ کێی باسکەم
کە دەمبینی هەموو سپێدەیەک
قەرجێک بە دوو باڵی خامۆشەوە
باڵندەکان فێری نیشتنەوەی نێو باخچە دەکات
ئەی ناشیرینترین جوانیی دونیا
لای کێ بڵێم تۆ غەریبترین کتێبی نێو یادەوەریەکانمی
کە هەمیشە دەتخوێنمەوە
لێمان ببورە خاتوونە شیعر
خانمی وشە، شاژنی یاخیبوون
براکان هەر وان،
باوکەکان هەر وان
نێرەکان وان ، هەمیشە دەقیژێنن
پێڵاوکانیان پڕە لە مەرگ
گیرفانیان لێوان لێوە، لە نیگەرانیی
چاوەکانیان تەژییە لە گومان
قاچەکانیان ئەشکی بێهودەیی لێدەتکێ و
لێوەکانیان ئاهی گومڕایی
نێرەکان دۆستی ژیان نین
جیاواز لە ئێوە، روخساریان وەک هەنسکی جەنگاوەرێکی دۆڕاو
لە نێو رۆحی مێیەکاندا دێت ودەچێت
ببورە درەنگ گەیشتین خاتونی ژیان
ببورە درەنگ کەوتم
لەو نەهاتنەم ببورە
کە هاتم دوا دڵۆپی وشەی شیعرت لێ دەچۆڕا
تێگەیشتم کە تۆ چامەیەکی درێژ درێژی
وەک قژی کچانی نێو رۆمانەکانی مارکیز
حەیرانێکی خامۆشی وەک خاچەکەی مەسیح
میلۆدیەکی گەرمی، وەک شمشاڵەکەی قالە مەڕە
گۆرانیەکی دوور دووری وەک غەریزەی خۆکوشتن
توڕەییەکی قووڵ قووڵ وەک بێدەنگیی ئاسمان...

(۲)
ھەمیشە شتانێک،
بوونەتە ھۆی خەمگینیم.
دەتوانم بڵێم زۆرێک شت هۆی گریانمن،
بەتایبەتی کاتێ دەبینم،
لەنێو تابلۆیەکدا
ڕەنگێک لە دووری ڕەنگەکانی دیکە،
سەیری دوا دڵۆپی سەر فڵچەی نیگارکێشەکە دەکا.
بەڕاستی ئەو دیمەنە زۆر ئازارم دەدات،
هەر کاتێکیش ببینم گۆرانی بێژێک،
لە دامێنی قورگیدا نووزەیەک دەکات،
وەک ئەوەی پێم بڵێ غەریب بۆ گوێ ناگریت!
نابینی چۆن هەناسە بۆ ژیان دەدەم.
بە جددی ئازار دەکێشم،
کە سەیر دەکەم چۆلەکەیەک بۆ خاتری بێچوەکانی،
شەو لەسەر دار تێلێک دەکاتەوە و
بەدەم باڵەفڕکەی فڕینیانەوە ئێشک دەگرێت.
لەو کاتە گریانم بۆ دایکم دێت،
دەبێ سۆزی دایک چ مەزنایەتییەک بێت و
ئێمەی چۆن لەسەر قاچ وەستاندووە.
زۆر زۆر دەگریم،
کە دەبینم لە نێو شاکارەکانی چێخۆفدا
مرۆڤ دەهاڕدرێت،
زۆر گرینۆکم زۆر،
بەهەرشتێک کە تۆزێک ڕام چڵەکێنێت دەگریم.
ئەو ڕۆژەی فیلمی "هۆپیت"ەکانم بینی
جۆرێک سەرسامبووم،
ئیدی دەستم کرد بە خوێندنەوەی ڕۆمانەکە و
بەدیار دیمەنی هۆپیتەکان،
کەچۆن لەنێو ئەو ئەشکەوتە پڕ لە ژیانەدا
ڕۆژگار تێدەپەڕێنن،
تەواوەک گریام.
ئێستاش بۆ ئەو مامەم دەگریم،
کە لەغەریبیدا گیانی سپاردوو،
بە زۆر شتی جوانی سەردەمی منداڵی ئاشنایکردم،
ئەو بۆ یەکەم جار بردمیی بۆ سینەما. 
بۆ یەکەم کتێب،
کە کڕیم زۆر دەگریم،
چونکە تووشی ناهامەتی بیرکردنەوەی کردم.
یەکەم عیشق دەم تاسێنێ،
ئێستایش لە ئازارەکانی دەربازم نەبووە.
ئەو ڕۆژەی دایکم پێڵاوێکی لاستیکی بۆ کڕیم،
دڵخۆش بووم زۆر،
بۆ بەیانی دام بە مشتێک حەلوا،
ئێوارەکەی زۆر گریام،
نەمزانی لە خۆشی حەلواکە بوو
یان لەدەستدانی پێڵاوەکەم.
گریان هەمیشە دەگەڵمدایە،
زۆر جاران لە منداڵەکانمی دەشێرمەوە،
بە دزیەوە دەگریم.
بیستوومە دەڵێن:
منداڵ بە گریانی باوکی زۆر تێک دەچێت،
من دوو جاران باوکمم بینیوە بگرێت.
دایکم ئەو کاتانە دەگریا،
کە توانای پێکەنینی نەبوایە.
شەوێک تا ھەنسکمدا گریام،
لە مەملەکەتێکی زۆر زۆر دوور بووم،
ئەو شەوە هێندە مەست بووم،
بانگی هاوڕێکەم کرد،
کە "یوری گاگارین" چاوەڕێتە و
دەبێ بەیەکەوە بفڕن بۆ ئاسمان،
ئاخر من ئەو شەوە چەند جارێک فڕی بووم،
هەرچی خەم و خەفەتی دەروونم هەبوو،
بەو هاوڕێیەم هەڵڕشت.
فرمێسکەکانم دەبینی،
دڵۆپ دڵۆپ وەک باران دەکەوتنە سەر زەوی،
بەیانی لەسەر لق و پۆپی دارەکان،
لەشێوەی خوناو زەردە خەنەیان بۆم دەکرد.
زۆر گریام زۆر،
ئاخر چۆن نەگریم،
هیچ شتێک ما بۆ پێکەنین،
بۆ یاری بۆ خۆشی، تا منیش نەگریم.
کوا ئەو هەموو یادەوەریەی منداڵان،
کاتێک گەورە دەبێت،
لە دوای خۆیدا چێیی نەهێڵێت،
من ئێستایش بەو یادەوەریانەوە دەژیم.
ئەو گۆرانیەی کە دەڵێت: منداڵێم دەنەوە،
خۆ من بە ئامانەت لای گەورەکان چێم هێشتبوو،
بۆ ونتانکرد!؟.
چۆن لە پرمەی گریان نەدەم،
کە گوێ لە سێوە دەگرم
"ئەوەل سەحەرم" بۆ دەڵێت.
چۆن ڕانەچڵەکێم،
کە لە نزیک هەر خانووەکی قوڕدا
گۆمێک لە خوێن و
مێژوویەک لە تراژیدیا ببینم.

(۳)
[باڵندە دڵ ژنانیەکانی قەراخ دەریا]
"با"ش،
وەک و باران
گۆنای زەوی دەگەزێ و
جار جارەش
لەگەڵ سێبەرێکی تەنیا،
کە هێشتا با،ی ماندوبوونی نەحەساوەتەوە، کۆچ دەکات؟!.
کۆچی ئەم جارەی با، 
مێژوو دەچەمێنێتەوە.
ختووکەی دەریا دەدات
تا هەنشکی با،
بە ئاسپایی
لارکاتەوە،
لە لاریدا، با،
باشتر،
جوانتر لە جاران ڕێ دەکات.
چی تێدایە،
با لە حزوری چیلکە دارێک،
سەما بکات،
سەمای با،
زەوق و شەوق دەداتە کەناری دەریا،
باڵندە دڵ ژنانیەکانی قەراخ دەریا، ستیانیان پڕە لە تەماشا،
مایۆکانیان،
کە خەتی تەمەنی غەریزەی،
با یان لێوە شاردراوەتەوە
شەرمیان لە پیاوەتی، نەوڕەسەکان دەکردەوە؟!.
تک، تک، حەیا بە رووی ئاودا دەتکا،
ئاو، لە با ڕادەما،
ڕامانی ئاو بۆ با،
دایدەڕماندن لە شکۆ.
باڵندە دڵ ژنانیەکانی قەراخ دەریا،
لێویان،
مکیاژی شەرابی پێوەبوو
ڤژیان،
دەتگوت بێستانی ترێیە،
هێشوو هێشوو
بە ئاستەم، کەلێنی سمتی دار هەرمێکەی بەردەمی داپۆشی بوو
با، غرور نایگرێ،
چما لە چی ڕا دیارە، با
هەر بۆ خۆشی هەڵناکات؟!.
لە نزیک شاخی بێساران،
با، لە جاران جیاوازتر دەردەکەوێت!
زەردەخەنەی با،
لە تخووبی سێبەر، مانای ئومێد دەدات
با، بێ هیوا نابێ
مادامەکێ دەریا باوەشی تەڕی خۆی دانەپۆشیوە،
کۆشی دەریا،
پڕە لە ڕۆحی گەنجانی نیشتمان
کۆچ،
زەوقی فڕینی لێڕواندین،
گڕوگاڵی منداڵەکانی کردە دیاری دەریا؟
دەریاوان،
چاوی پڕە لە یادەوەری،
چاوی دەریاوان،
بەهای مەرگ دیاری دەکات،
بای سۆزێک، گیانم پێبدە، دەریاوان
دەریاوان،
دڵێکی نەفرەتییە، بە کەزی مانگەوە نووساوە،
لە تریفەم پرسی،
مانگ شەرم دایناگرێ
کە شەو لاری دەکاتەوە و
زەوی لە باوەشی دەنێ،
مانگ لە حریتەی پێکەنین دەدات،
کاتێک 
با، بە چەترێکەوە دەبینێت؟.
دەریاوان،
بە بای، درەنگانی شەو نیگەرانە
چەشنی ئەستێرە،
لە مەکری چاوبازێنەی خۆر؟!.
نەهەنگێ،
لە ئێوارەیەکی دەرنگ،
پێش ئەوەی خۆر خەبەری بێتەوە،
باوەشێک ڕۆحی چاند لە قولایی دەریا،
هەناسەیان پڕ بوو لە یاقووت،
دڵیان، چەشنی با، شکابوو
با، لەو ژنانە دەچێت، کە هەمیشە چاوێکی هەیە بۆ ئاوڕ،
دڵێکی هەیە بۆ سەبووری.
بشیکوشی با،ی یەقینێک
نا، ژین دۆستی نا چۆڕێ لێی؟!
تازەترین کتێب،
کە هەموو بەرەبەیانێک
دوو لاپەڕە، تەنها دوو لاپەڕەی لێ دەخۆمەوە،
ئەو بەیانیە،
دوو لەو کتێبانەم لە باوەشی با، بینیەوە،
نەختێک وشەم
خەست خەست،
تێکەڵ بە قومێک ماناکرد،
خواردمەوە، تامی زۆر لە شیعر دەچوو.

(۴)
بەئاسپایی،
قۆپچەی کراسە ڕەنگاڵەییەکەی ئاو،
بەھەناسەیەکی شێدار بکەوە.
گوێ لەترپەی کەشتی چارەنووس بگرە و
لەنزیک یادەوەری،
پەنجە بنێ بەژێر چەناگەی با.
ھەموو شتێک،
بیر فینجانەکەی سەر مێزی یاخیبوون بھێنەوە،
بیریبخەرەوە،
شێوەی ڕوخساری مەیتخانە تەم و مژاویەکە،
چەند لەو چڕە دووکەڵەی
سەرلێوی دارھەنجیرەکان دەچێت،
کە درەنگانێ دوای ماڵئاواییکردن،
لەکۆمێدیای بوون،
ئاییندەیان مەست دەبێت بەحیکایەت.
تێیبگەینە، لەو حەوشە قژ قەترانیەدا،
کوکوختیە چاوشینە دەنووک نیگەرانەکان،
چیتر ھێلانەی ئارەزوو ھێور ناکەنەوە.
لەو ماڵە کەرتبووەدا،
ھەندێک لەواعیزە بیرکۆڵەکان،
چرای خەون خامۆش دەکەن و
چیرۆکی یەئس دەنووسنەوە،
جادوو بەسەر ئیرادە دەخوێننەوە،
وشە دەئاخژنە نێو بەرماڵی ئەوانەی
بێباوەڕانە بەسەر گەڵای بێھودەییدا ھەڵنیشتوون.
کەمێک ھێورتر لە دڵنیایی،
بەئاسپایی، لێوەکانت بخەرە سەر ئەژنۆی غوربەت،
چاوشارکێ دەگەڵ فرمێسکە تەقەت بووەکانی
دوای جەنگ بکە،
جەنگی ساویلکەیی،
جەنگی بەفیڕۆدانی گومان.
دوای هەر جەنگێک،
باڵندە خزم دۆستەکانی ھەرێمی دەستخەڕۆ،
ھەرێمی کەوتن،
ھەرێمی چەمانەوەی بەرد، لە حزووری شەبەنگدا.
ھەموو دەمەو عەسرانێک،
بەھێواشی دەست دەنێ بەسەرشانی تاریکیی و
باوەشێک ڕوناکی وەک قوربانی دەنێرێت
بۆ ھەرچی خۆشی ھەیە،
ھەرچی تامەزرۆیی ھەیە،
پێیان دەفەرموێت با تامی بکەن.
ئەو پاساریانەی بۆ قومێک ژیان،
لەکەنار دەریا ڕاوی خۆشبەختیان دەکرد.
لەنێو تابوتی نیشتمان،
لەسەر زەمینێکی شەقار شقار بوودا،
نوێژی دڵنەواییان ڕاخست.
ئاھ لەنزیک ئەو مەرگخانەیەدا،
بێخاکی چۆن دەمان ھاڕێت،
چۆن بەملاو ئەولای جەنگەکاندا،
دەمان بات و مەشکانێمان پێدەکات.
دەیانگوت: لێگەڕێ نەختێک دڵنیایی بدوورینەوە،
کەسێ نییە ئەو بێدەنگیەمان بلاوێنێتەوە!.
ئیدی ڕێگاکانی گەیشتن دەپێچینەوە و
دەیخەینە نێو جزدانێکی شەکەت،
لەگەڵ باراندا، بێ خاکی دەبەخشنەوە،
تا درز نەگرێ سێبەری ھەنگاوەکانیان.
نیشتمان لەو کاغەزە شێدارانە دەچێت،
کە ھاوڕێیەتی ھەتاو ناکات. 
نیشتمان زۆر لەو کرێچییە خۆشباوەڕانە دەکات،
کە مانگانەکەی تەنھا بای قەرزی پیاسەیەکی گەرمی ئێوارانە.
لەو نیشتمانە داچۆڕاوەدا،
ڕێبوارەکانی گران گران،
ھەنگاو دەنێن و
نیشتمانخۆرەکانیش دەڕژێنە سەرشەقامەکان و
بەدوو دەستی لاتەوە، پەشیمانی دەچێنن.
لەو کۆڵانە بێحەوسەڵەیەدا،
دۆستەکانم لە قوژبنی دەلاقەیەکی بێکەسدا،
ژوان بەدیار ئاوابوونی حەرف دەگرێت،
دواجار تێدەگەن بێکاری لەمانادا،
چ حەشرێک بە کتێب دەکات.
لەو ھەرێمە تۆزاویەدا،
ھاوڕێ ڕەنگ قاوەییەکانم،
ھەمیشە سێبەری خۆیان دەھۆننەوە،
جار نا جارێ دژواری ڕادەخەن.
بەئاسپایی،
چەند پەیڤێکی خەواڵوو دەنووسنەوە،
بەدەنگێکی تەزیوو،
لەبن مێچی دارسنۆبەرە عاشقەکە،
دەقیژێنن و دەڵێن:
تا زووە قۆپچەی کراسەکەی یوسف
لەژێر تارمایی براکاندا داپچڕێنە،
نەبادە کاروانی مرۆڤ فرۆشەکان، خەویان بزڕێ.

(۵)
[ڕاهاتووم بە مردن]
لێم مەگەڕێن،
لە دەرگا مەدەن،
چیتر نامە مەنێرن،
فەیسەکەم دابخەن و
باڵی وشەکانم، لەناو کتێبان بکەنەوە و
با بفڕێت، بۆ کوێ دەچێت با بچێت.
من لێرە نیم،
بڕۆن ڕۆشناییتان بشۆرنەوە
با یادگاریەکانمان، ونبن
بڕۆن ڕۆشتنەکانتان بسپێرن
بەو کەوشانەی هەنگاویان بیرچۆتەوە
لێم مەگەڕێن،
ئیدی کۆترەکان، ناهێنەوە سەربان
چۆلەکەکان میوانمان بۆ ناهێننەوە
بە خوشکە تاقانەکەم بڵێن،
قژی دارهەنجیرەکەمان،
چیتر خاو نەکاتەوە، من ناگەڕێمەوە
من ڕاهاتووم بە مردن
لە پرسەی خۆم، دادەنیشم و
فاتیحایەک بۆ گیانی ئێوە دەنێرم
ئێوە زیندوو، منیش مردوو.
بەڕاستی غەریبی مردن دەکەم،
تەنیایی، قەڵەباڵغی کردووم
ئەوەندە مردم، ژیانم لێڕوا
بیرتان نەچێت، گۆڕەکەم،
داپۆشن، بە تەماشاکانتان،
رەنگی کەن، بە ئاوڕ
بڕۆن و ئاوڕم لێمەدەنەوە
من، زۆر شتم بیرچۆتەوە
خۆمم بیرچۆتەوە
لێم مەگەڕێن،
چیتر لە پەنچەرەوە، بانگم مەکەن
مەهێنە فرۆکەخانە، من توانای فڕینم نەماوە.
مێن بۆ ئیسکان،
کەس ما، چایەکی بەڕەژوومان بۆ بهێنێ؟!.
لە مەچکۆش پرسیار لەمن مەکەن،
سێبەرەکەمیان شکاند،
لە مزگەوتی چۆلی کفنکرام و
قەلات نوێژی مردوویی لەسەر کردم.
مەهێنە پێشوازیم،
من لەنامۆییدا چەقیوم
ڕۆحم بۆتە گیا
دڵم گەلای دارێکە
جەستەشم  ڕژاوەتە نێو نیشتمان.
لێم مەگەڕێن،
من بە مردن ڕاهاتووم.
ئەو ئەستێرەی، کە ڕژا من بووم
ئەو گەلایەی هەڵوەری من بووم
ئەو نیشتمانەی خرایە مۆزەخانە من بووم
من جێناوێکی پەرتم،
کۆناکرێمەوە،
بیری خۆم دەکەم،
بە مردن ڕاهاتوو،
من
من
من
من
من
من دەژیمەوە، ئەو کاتەی مردن دەبینم.

(۶)
ئەگەر نەورۆز
بە مانای ژیانەوە و ژیانێکی نوێ بێ،
ئەگەر بەمانای بەرھەنگاریی و ئازادی بێ،
ئەگەر بەمانای بەرخودان و ڕزگاریخوازی بێ،
ئەگەر بەمانای کۆڵنەدان و گیانفیداکردن بێ،
ئەگەر بەمانای چڵەنێرگز و نوێبوونەوە بێ،
ئەگەر بەمانای ساڵی تازە و شادی بێ،
ئەگەر بەمانای ئازادیی و خودسەروەری بێ،
ئەگەر بەمانای خۆشویستنی خاک بێ،
ئەگەر بەمانای کوردبوون بێ،
ئەوە منم نەورۆز...

گڵاڵەکردنی ئەم بابەتە: #زانا_کوردستانی

نظرات 0 + ارسال نظر
برای نمایش آواتار خود در این وبلاگ در سایت Gravatar.com ثبت نام کنید. (راهنما)
ایمیل شما بعد از ثبت نمایش داده نخواهد شد