خاتوون "چنوور نامیق"، بەناوی تەواوی "چنورر نامیق حەسەن"، شاعیر و ڕۆژنامەنویس کورد، دانیشتەجی لە شاڕی هەوڵیرە.
(۱)
هەورێک بەسەرمانا ئەگری
رۆینی تۆ و چوونەوەی من
بەزەوی رائەگەیەنێ
(۲)
هەموو رۆژێک نامەیەکت بۆ ئەنێرم
خۆ من ئەزانم قەت ناگا
بەڵام هەر کە من ئەینێرم
روحی تۆ هەستی پێئەکا!
(۳)
عومرێک لەنێوانمان رژا
مینای سەبوریمان شکا
چ قومارێکی مەزن بوو
عەشق
کە
هەردوکمانی پێ دۆڕا!!
(۴)
دڵئێشاندن زۆر ئاسانە
چرکەیەک زیاتری ناوێ
ساڕێژبوون تەمەنێکی دەوێ
هەندێ جاریش پێڕاناگەی...
باڵابوون جوانی روحی ئەوێ
رووتبونەوەی هەناسە و سازانە لەگەڵ دڕکەکانی ژیان
زانست بەبێ تامی ڕوح
گۆزەیەکی بەتاڵە
دڵشکاندن هەناسەیەکی ئەوێ
چاکبونەەوەی زیاتر لەژیان
بە کۆڵانی دڵئێشێنەرەکاندا مەڕۆ
دڵ تاقەتی ئەم بگرەوبەردەیەی کوا ماوە؟
(۵)
[ژنێکى پڕ پڕ له درۆم]
له‌رۆژێکى وه‌ک ئه‌مڕۆدا
پێش هه‌زار ساڵ
چیتر
نه‌متوانى گوڵه‌کان ئاوده‌م
بومه ئینجانه‌ى چوار ته‌مه‌ن بۆ ژاکانیان
لێوم بۆ هه‌ر باده‌یه‌ک برد هه‌ر گاڵته‌جاڕ بوو وه‌رزى دڵ
شه‌کره زه‌قنه‌بوته لێوم که ناتوانم
تامى ماچه‌کان بکه‌م و
نزاى ئه‌وین بمباته‌وه بۆ کۆشى خۆى
ئه‌ى بۆ بمبا؟
که نه‌متوانى ببم به‌ژنێکى زانا له واڵاکردنى ده‌رگاکان بێ ته‌قه‌ته‌ق
که نه‌زانبووم له ئاودێریى شتڵه‌کانى تامه‌زرۆیى
له‌هه‌ڵدانى ریزه ماچه‌کان له بادا...
ئێستا خۆم ئه‌توانم بڵێم
له‌شارى دڵ فاشیلترین ژنى ئه‌م مێژووه سه‌رسپییه‌م،
هیچ
کتێبێکى عه‌شق نه‌ما پیاسه‌ى بێ مه‌یلیى تیانه‌که‌م
به‌بێ ئه‌وه‌ى توانام هه‌بێ نۆته سوره‌کانى ئه‌وین وه‌رگێڕمه سه‌ر زمانه‌کانى په‌پوله
به‌بێ ئه‌وه‌ى بوێریکه‌م چه‌پکه گوڵێک بده‌مه ده‌ستى یاره‌وه
هه‌زار ساڵه له قوتابخانه‌کانى ئه‌وین له پۆلێکم
له‌دایکمه‌وه بۆم ماوه
ترس
خورپه
پێنه‌که‌نین
هه‌زار ساڵه فێرى ته‌قوى و تاعه‌ت ئه‌کرێم،
ژنێکى نه‌وێرى به‌ر باران چۆن ئه‌توانێ په‌ڵه بدا؟
چۆن ئه‌توانێ به‌ته‌ماشا هاتوچۆى هه‌وره‌کان راگرێ؟
چۆن ئه‌وێرێ ئه‌ستێره‌کان بگرێت به‌ده‌سته‌کانیه‌وه؟
چۆن ئه‌توانێ شه‌پۆله‌کان به‌گیر بێنێ؟
زه‌نگ
ده‌نگ
هێڵى سوور و
فرمانه‌کان
مه‌که و
مه‌ڕۆ
هه‌زار ساڵه شێتم ئه‌کا
هه‌زار ساڵه گریان ژیرم ئه‌کاته‌وه و به‌خۆى ئه‌گرى
ژنێکى پڕپڕ له درۆم
له نمایشى هه‌تاییدا وا وشک ئه‌بم
هه‌زار ساڵه پێکى ترسا‌و هه‌ڵئه‌ده‌م و له پۆلى ئه‌وین قوتابیم
به‌بێ ئه‌وه‌ى چه‌پکه گوڵێک بده‌مه ده‌ستى یاره‌وه
به‌بێ ئه‌وه‌ى بوێریکه‌م
وشه‌ى عه‌شق وه‌رگێڕمه سه‌ر زمانه‌کانى باڵنده
به‌بێ ئه‌وه‌ى توانام هه‌بێ
ماچێک له بادا هه‌ڵبده‌م...
(۶)
[من و لیسا لێرە نابین]
بەیانییەک من لێرە نیم
تۆش ئەتەوێ لەئاوێنەی ژوورەکەمدا دڵی لیسا* بخوێنییەوە...
ئاوێنەکە لەبەر نیگا تیژەکانت درز ئەبا
وێنە کۆنەکەی من ئەشکێ
کچێکی تیا دەرئەکەوێ
لەتێکی روخساری منە و ئەویتریان
لەتە مانگە
چونکە لیسا لەئەزەلەوە هەر نییە و
هەررگیز نایە
ئێوارەیەک من بەشوێن خۆرا ئەگەڕێم
تۆش ئەتەوێ دڵێ زەردی پرتەقاڵێک توێ توێ بکەیت تا
بۆن بەدڵی لیساوە بکەی
بەیانییەک من لێرە نیم
شەیتانێکی روحسوکی ئەودیوی ژیان
دەعوەتی تاراوگەم ئەکا
کۆترێک یاداشتەکانم ئەفڕێنێ
لەبۆ دنیای غەیبی ئەبا
ئالەوێدا
سێبەرێکی روو نورانی
چل ڕێساکەی عەشقم ئەبا و
ئەیکاتە باڵی پەپولە
ئا لەوێدا شەراب ئەگۆڕێ بەسرکە
هەموو شتێک دوا ئەکەوێ
ئاوێنەکەم لەبەر نیگا تیژەکانت درز ئەبا
نەمن
نەلیسا دەربەدەرەکەی تۆ
بۆ هەتایە لەوێ نابێن!
-----------
* لیسا: پاڵەوانی قەسیدەی هاوڕێم مەهدی ساڵح
(۷)
[دەڵێی درەختی لارەوبووی دوای رەشەبام]
هێند عەیارم لاسایی سەمای گشت دنیا ئەگەمەوە
هێند بێ‌عارم
دەڵێی درەختی لارەوەبووی دوای رەشەبام
دڵی کورسییە بەتاڵەکانی دڵداران ئەدەمەوە...
سێبەری عاشقە نەهاتووەکان لەبەر ئەکەم
چاوبڕکێ لەگەڵ گوڵەکان دەست پێ ئەکەم
دەستی دارێکی زەرد ئەگرم
نزای سەوزی و بۆنی باران
رامئەگرێ
دێم و دەڕۆم چاوبڕکێ لەگەڵ گوڵەکان ئەکەم
چاو ئاسمانی
دڵ دەشتایی
روح خاکەڕا
هێند بێ‌عارم،
دەڵێی درەختی لارەوبووی دوای رەشەبام...
(۸)
[وەکو ژنێکی سەماکەر سەیرم ئەکا]
سروشت وەکو ژنێکی سەماکەر تێم ئەڕوانێ...
ساتێک قژەکەم تێک ئەدا...
سەردەمێکیش مێژووی تاڵەکان ئەدۆزێ
جار نەجارێ کراسەکەم هەڵئەماڵێ
لەم گێچەڵە هاروهاجەی ئەو ڕەشەبا چاولەدەرە سەردەرناکەم، تۆقەی بەقژمەوە نەهێشت
ساتێ قژەکەم تێک ئەدا و
ساتێک دەقی جلەکەم ئەشکێنێ
خانمە دادوەریش سروشتە و هیچ وەڵامم ناداتەوە...
(۹)
[بادەیە رووم]
بادەیە ڕووم
کاتێ پێکی دەستم ئەشکێ
پیاڵەیەک شیعری رژاوە دییەم
کەتۆ دەڕۆی...
ژیانە ڕوخساری چۆڵم کە دێیتەوە
پیاڵەیەکی پڕ لەمیهرە نیگام
کە ڵەدەرگای دڵم ئەدەی...
ئیتر بۆخۆی
بادەیە رووم
پیاڵەیەکی چاوەڕێیە دییەم...
(۱۰)
[گۆرانییەکە هێشتا بەلێومەوە ماوە]
دەنگی باڵدارەکە دەهات
گەڵایەک کەوت
دڵی منیش کەوتە لەرزە
جگەرەکە نەیویست پێ بێ
زەینی ئێمەش گۆرانیەکە پەلکێشی کرد
بۆیە بەتەنیا ماینەوە...
جریوە لەدڵ ئاوابوو
ڕەنگە بەشوێن با کەوتبێ
جگەرەکە نایەوێ بکوژێتەوە
زەینی ئێوارە بەتاڵە لەخەیاڵی جۆلانەکان...
کەنارییەکە شوێن گۆرانییە ترساوەکەی دڵی من کەوت
بیری چوو بگەڕێتەوە
گۆرانییەکە هێشتا بەلێومەوە ماوە
ئیتر نیشتیمان ئاوا بوو
ئەو پیاوەی لێم حاڵی نەبوو
فرمێسکە گێژبووەکانمی سڕیەوە
ڕەنگەکانی چاوم ڕژان
گۆرانیەکە هێشتا لەگەرووم قەتیسە
جگەرەی نێوان پەنجەکانم بیری چوو بکوژێتەوە...
(۱۱)
ئەم بەیانییە چاوێکم کەوتە ناو فنجانەکەی دەستمەوە
ئای چی تاڵ هەڵگەرایەوە بینینم
لەئەلفی دابڕانەوە
هەتاکو ئەلفی دابڕان
هیچم نەدی
بێ لە وێسگەی بەردەوام پڕ
جگە لە سۆزی دڵ بەتاڵ
لەمرۆڤی ناکۆتا جوان
بەڵام هەموو هەر دەڕۆیین...
هەموو شتێک
هەموو کەسێک لە جوولە بوون...
ئالێرەوە ئیتر بێ مانایە عەشق
(۱۲)
[دیمۆگرافیای دڵم گۆڕا]
گۆڕینی دیمۆگرافیای دڵێک
هێندەی گۆڕینی نیشتیمان تاوانە
بەڵام خەتایەکی جوان و تاعەتێکی
نیوەچڵ و ناتەواوە ئەزیزم
لەم پەراوێزی جەنگەدا وا شێت دەبم
وەلێ شێتییەکی جوانتر
لەو عەقڵدارانەی بەدیار ژیانەوە دۆش داماون
تەنیا پیتێکیش تێناگەن لە گمە گمی ئاشتبونەوەی نێوان دوو کۆترە ئازاری
زامار
من هەتیوی دیار پرسیارەکانی ژیان بووم
دایکم هەر پەلەی رۆینی بوو بۆ کۆتایی زەوی
بوار نەبوو دوو ماچی رومەتەکانی پڕ بەدڵ بخۆمەوە
من هەمیشە دڵمەستانە بەشوێن عەشقی نەبووەوە رامئەکرد و مایە پوچ و دڵ بەتاڵ ئەگەڕامەوە
جار بەجاریش رێم ون ئەکرد..
هێندە خۆری نیشتیمانم بەدەستەکانم گواستەوە
دڵم وەک چاوت گڕی گرت...
هێندە درەنگ وەختانێ هاتمەوە
بەر هەیوانی رۆمانە چۆڵ وهۆڵەکان
ئیتر خۆم بوومە سێبەر و تۆش تارمایی...
ئێستا زانیم
گۆڕینی دیمۆگرافیای دڵێک
هێندەی گۆڕینی نیشتیمان تاوانە
بەئەزیەتە
وەلێ خەتایەکی جوان و کارەساتبارە ئەزیزم
دەوەرەوە تاوێکیش بێ، ئەم نەخشە
توراب ئامێزەی دڵ
بەسەرکەوە
و دوا کوچەی روحم بگۆڕە
(۱۳)
ساباتێک بە پرچمەوەو
لەنجە ئەکا
رژانی تۆ لەسەر جەستەم
ئەسڕێتەوە
(۱۴)
خەونێک بە چاومەوە وێڵە
کاڵبوونەوەی لێوەکانم
بۆ پێکێکی بەجێماوی لێواری شەو
بەچرپە
ئەگێڕێتەوە!!
(۱۵)
گەردوون لە دەنگمدا ونە
بێدەنگیم
ئەنوسێتەوە
سەردەمێک بە باڵامەوە
مێژوویەکە
چاوەڕوانی ئازادییە
(۱۶)
شتێک لە نێوانمان شکا
لە دڵما دەنگ ئەداتەوە
خەمێک کردوومی بە پەنا
بۆیە دییەم تاو نا تاوێ
چەن ساتێ بینین رائەگرێ!!
(۱۷)
باڵای ژنە بەهێزەکە
خوڕ خوڕ رژا
سۆزی چۆڕ چۆڕ
زەویی بەپیت ئەکردەوە
تۆش لەولاوە چاوەڕێ بووی
کەی ببێتەوە درەخت و
میوەکانی لێکەیتەوە
(۱۸)
لەو رۆژوەی بەڕێی ئاوا سەرم هەڵگرت
لەو ساتەوەی بۆنم دۆزییەوە لە ڕێژوان
باوەڕم هێنا بەوانەی پێیان وتم
هەرگیز شوێن هەوەسی ئاو و
ئیغرائاتی بۆن مەکەوە
هەردوو دوورت ئەخەنەوە لەئازیزان!
(۱۹)
بۆ شکاندنی غەریبیم
شەوان گۆرانییەکی خەمهێن و
پیاسەیەکی دەوری قەڵام کردووەتە خوو
ئەڵێم بەڵکو سووڕانەوەم بەدەوری هیچ
تاسەی فیراقم بشکێنێ
کەچی گیانه
بەشعرێکی نەوتراوت پڕ ئەبمەوە لەگریان و
بەهەناسەیەکی نیشتمان
پڕ ئەبمەوە لەغەریبی!
(۲۰)
دیکتاتۆرێک بەناوی ئازادییەوە
قومار لەسەر بوونم ئەکا
و
هەر ئەدۆڕێ
فێری کردم چۆن نەتوانم خۆشم بوێ
چۆن نەتوانم
بچمە جێژووان
چۆن ئاوێنە لەسێبەری رمان پڕکەم
چۆن جامی ئەشک بنێمە لێوی شەوەوە
فێری کردم
چۆن نەتوانم بیری بکەم
چۆن نەتوانم خۆشم بوێ
گشت ئەم نەئانەی فێر کردم
خۆی نەیتوانی
جێبارانێ
لەناو روحما
بەجێبێڵێ!
گڵاڵەکردنی ئەم بابەتە: #زانا_کوردستانی