دکتر "ڕەفێق سابیر"، شاعیر و نووسهری هاوچهرخی کورد، لە ۵ ی تەموز ۱۹۵۰ زایهنی، لە شاری قەڵادزێ لەدایک بووە.
خوێندنی سەرەت ایی، ناوەندی و ئامادەیی لەوێ تەواو کردووە و لە ساڵانی ۱۹۷۰-۱۹۷۴ لە زانکۆی بەغدا، کۆلێجی ئەدەبیات، بەشی زمان و ئەدەبی کوردی، خوێندوویەتی.
لە هاوینی ساڵی ١٩٧٢ تا ئەیلوولی ١٩٧٨ وەک رۆژنامەنووس، لە رۆژنامەی بیری نوێ، لە بەغدا، کاری کردووە.
لە ساڵی ۱۹۷۶ یەکەمین کۆمەڵە هۆنراوەی بەناوی "پشکۆکان دەگەشینەوە" لە بەغدا بڵاو بۆتەوە.
لە نیسانی ١٩٧٩ بۆتە پێشمەرگە. لە سەرەتای ساڵی ١٩٨١ لە شاخ لەگەڵ کۆمەڵیک نووسەر نووسەرانی کوردستانیان دادەمەزراندووە، هەروا گۆڤاری "نووسەی کوردستان"یان دەرکردووە.
لە هاوینی ساڵی ١٩٨٢ دوای پەرەگرتنی شەڕی براکوژی، کوردستانی بەجێ هێشتووە و چۆتەوە بۆ بوڵگارستان. لەوێ لە ئەکادێمیای زانستە کۆمەڵایەتییەکان، بەشی فەلسەفە، درێژەی بە خوێندن داوە.
لە هاوینی ساڵی ١٩٨٧ بڕوانامەی دوکتۆرای لە فەلسەفە وەرگرتووە. دوکتۆرنامەکەی بە ناوی "رۆڵی کولتوور لە پێکهێنانی هۆشیاریی نەتەوەیی کورد" نووسیوە.
لە ناوەڕاستی ساڵی ١٩٨٩ وەک پەنابەر لە وڵاتی سوێد نیشتەجێ بووە.
لە بەهاری ساڵی ١٩٩١ تا سەرەتای ساڵی ٢٠٠١ لەگەڵ بەڕێزان دکتر "کەمال میراودەلی"، "هاشم کۆچانی" و "کاروان عەبدووڵڵا"، گۆڤارێکی کولتووریی وەرزییان بە ناوی "رابوون" لە سوێد دەرکردووە.
لە ساڵی ۲۰۰۶ لە سلێمانی سەرۆکی مەڵبەندی کوردۆلۆجی بووە.
لە ساڵی ٢٠٠١ خەڵاتی ئەدەبیی "کلاس دی ڤیلدێ"ی سوێدی پێ بەخشرا. ئەو خەڵاتە ئەدەبییە دوو ساڵ جارێک بە نووسەرێکی بیانی دەدرێت، کە بەرهەمەکانی بە سوێدی بڵاوکرابنەوە.
لە ساڵی ٢٠٠٧ خەڵاتی ئەدەبیی "مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد"ی لە سلێمانی پێ بەخشرا.
ساڵی ٢٠٢٢ خەڵاتی ناوەندی پێنی کوردیی پێ بەخشرا.
هۆنراوەکانی "رەفیق سابیر" بۆ چەندان زمانی بیانی، وەک کتیبی سەربەخۆ، یان ئەنتۆلۆجیای شێعری، تەرجومە کراون و بڵاو کراونەتەوە لەوانە زمانی عەرەبی، فارسی، ئینگلیزی، فڕەنسی، سوێدی، دانمارکی، نەرویجی، هۆڵەندی و ئیستۆنی.
لە ساڵانی ٢٠٠٩-٢٠١١ ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بووە. دوای دوو ساڵ دەستی لە کارەکەی بەرداوە.
◇ بەرهەمە چاپکراوەکانی:
● هۆنراوە:
١- پشکۆکان دەگەشینەوە، بەغداد ١٩٧٦
٢- رێژنە، مهاباد ١٩٧٩
٣- سووتان لەبەر باراندا، لەندەن ١٩٨٥
۴- وەرزی سەهۆڵبەندان، لەندەن ١٩٨٧
۵- لاوکی هەڵەبجە، بەیروت ١٩٨٩
۶- کاروانسەرا، سوێد ١٩٩٠
٧- وەرزەبەردینە، ئەڵمانیا ١٩٩٢
٨- دیوانی رەفیق سابیر، بەرگی یەکەم، سوێد ١٩٩٣
٩- ئاوێنە و سێبەر، سوێد ١٩٩٦
١٠- ژوانی رووناکی، سوێد ١٩٩٧
١١- روونبوونەوە، سوێد ٢٠٠١
١٢- بە تەنیا جێی مەهێڵن (سەرجەمی شیعرەکان) چاپ و بڵاوکردنەوەی رەنج، سلێمانی ٢٠٠٧
١٣- راز و گومان (سەرجەمی شیعرەکان) چاپ و بڵاوکردنەوەی رەنج، سلێمانی ٢٠٠٧
١٤- دیوانی رەفیق سابیر بەرگی یەکەم و بەرگی دووەم (١٩٧٦-٢٠١٣) پەخشخانەی غەزەلنووس، سلێمانی ٢٠١٤
۱۵- کۆی بەرهەمە شێعرییەکان، بەرگی یەکەم و دووەم (١٩٧٦-٢٠١٣) پەخشخانەی مانگ، بانە، ئێران ٢٠١٧
١٦- ئەویننامە، پەخشخانەی مانگ، بانە، ئێران ٢٠١٧
17- Şewçira. Hemû berhemên helbestvanê navdar Refîq Sabirî 1976 – 2017. Vekolîn, berhevkirin û veguhaztin ji tîpên erebî. Weşanxaneya Lîsê. Diyarbekir 2019. 607 rûpele.
و...
● بەعەرەبی:
١- اطول من الحیاة – ٢٠١٢
* زۆربەی کۆمەڵەهۆنراوەکانی چوار تا شەش جار چاپ کراونەوە.
● لێکۆڵینەوە:
١- بەرەو مێژوو، سوێد ١٩٩١
٢- ئیمپراتۆریای لم، چاپی یەکەم، سوێد ١٩٩٨
٣- کولتوور و ناسیۆنالیزم، سوێد ٢٠٠٢
۴- عێراق بەدیموکراتیکردن یان هەڵوەشاندنەوە، سلێمانی ٢٠٠٥
۵- بەستاندارکردنی زمان و ئەلفوبێی کوردی، سلێمانی ٢٠١٤
۶- کولتور و ناسیۆنالیزم، چاپی دووەم، سلێمانی ٢٠٠٨
٧- روانین لە بولێڵدا (وتووێژ)، پەخشخانەی مانگ، بانە ٢٠١٣
٨- ئیمپراتۆریای لم، چاپی چوارەم، کوردستان ٢٠١٤
9- Rafiq Sabir& Kamal Mirawdali, Modern Kurdish Poetry An Anthology & Introduction, Uppsala
و...
(۱)
[لاوکی هەڵەبجە]
بە تەنیا جێی مەهێڵن،
ئەمشەو زریان دەیچێنێت!
تەم و مژ دایدەپۆشێت،
مانگەشەو دەیڕفێنێت؛
گەرووی بە گزنگ تەڕ کەن،
زامەکانی بە شیلان،
بە گۆرانی دایپۆشن،
یان بە سەوزی دارستان...
سەری بە شەپۆلان کەن،
با ئەم شەوە ڕایژێنێت؛
باڵای لە هەور بگرن،
برووسکە و با دەچێنێت!
...
بە تەنیا جێی مەهێڵن؛
منداڵێکی لاسارە،
شار بەردە باران دەکات،
مانگ دەکات بە کۆلارە؛
سوارە، چ شۆرەسوارێک!
ئەسپی هەتاو زین دەکات؛
بە گۆرانی و تیشک و ماچ،
سەر زەمین بەرین دەکات.
با کەژاوەی لە گوڵ بێت،
یان لە پەلکەزێڕینە،
زەماوەندی خوێن دەگرێت؛
ئەمشەو پاشای ئەوینە...!!
ئاشقێکی لاسارە!
بروسکە و با دەچێنێت،
بە تەنیا جێی مەهێڵن؛
مانگە شەو دەیڕفێنێت.
(۲)
[بهڵێنشکێنی]
بهڵام گیانه
ههر شتێک سنووری ههیه
تهنانهت بهڵینشکێنییش.
...
چۆن وا دهبێت؟
ئهم چوونهژووانه خێرایهی ئهبهدییهت
ههر له گوڵ و پهپووله دێت.
...
چۆن بهم کۆچه له ناکاوهت بڕوا بکهم
کاتێک جوانی
هێشتا وێنهیهکی تۆیه؟
...
چۆن بتوانم لهگهڵ بێتۆیی ههڵبکهم
کاتێک ژیان
له پێشوازیتدا منئاسا چاوهڕێیه؟
...
بێ تۆ کات له بازنهیهکی داخراو دهچێت
ئاسۆ: بۆشترین بۆشایی
شوێنیش مهگهر بۆ گۆڕ بشێت.
...
میهرهبانی کهی وا دهبێت!
لهگهڵ خۆتدا، تۆ ههموو شتێکت برد
من نهبێت.
گڵاڵەکردنی ئەم بابەتە: #زانا_کوردستانی