ماموستا "بەکر محەممەد ئەمین" ناسڕاو به "خاڵە بەکر" شاعیری هاوچەرخی کورد لە سڵیمانی لە دایک بووە.
خاڵە بەکر، ئیستا لە وڵاتی هوڵەند و شاڕی روتردام دانیشتەجیە.
(۱)
بەبەردەمی ڕۆحما دێیت و دەچیت
سڵاو ئەکەم و بێ دەنگیت
چیە ئەم زەمهەریری ڕۆح سپاردنە...؟
ئیلاهەکان گوناهیان کرد
هەرچی نزامە سەرەو ژوریان کرد
قایل نەبوون خۆش بەختیم فەرامۆش کەم...
بۆ باڵای نەونەمامی تۆی نەزرکەم
دڵم بەدەستەکانتەوەیە
بۆ ئاسودەییت هەڵیگڵۆفەو توێ توێ بکەو لەلێدانی بخە
دەربەست نایەم بێ خەم بە.
(۲)
به‌خواستی تۆ ئه‌نووسم
به‌گفتی تۆ شیوه‌ن ئه‌کا پێنووسم،
له‌دووری تۆ هیچ شتێک به‌جوانی نابینم
نیگام لێڵه‌و، له‌به‌ر ده‌روازه‌تا
هه‌ڵتروشکاوو غه‌مگینم،
توانام نیه، هه‌ستمه سه‌ر پێ و بێم و بچم
چه‌نێ دووربیت، هه‌ر لێته‌وه نزیکم،
چراو خۆره‌تاوی ساته تاره‌کانمیت
خه‌له‌و خه‌رمانی ئه‌م عومره‌میت
ته‌نها که‌سیت بۆ ئه‌م ژینه‌م ئارام به‌خشیت
گوڵاڵه سوره‌ی ناوازه‌ی چه‌مه‌نی چاوه‌کانمیت
دیاریه‌کی بێ هاوتای
خواوه‌ندی خه‌ڵوه‌تگای دیده‌نی ئه‌م عیشقه‌میت.
(۳)
بۆ بێ دەنگیت هەناسەکەم
خۆت ئەزانی لەو ڕۆژەوەی لەدایک بوی من بەبێ تۆ هەڵناکەم
هەموو ساتە ناساتێ چاوەڕوانم
لەگەڵ کردنەوەی دەرگادا
لەدوای، وەڵامدانەوەی سڵاو
باڵام قەزاوە گێڕی باڵات کەم
بۆ بێ دەنگیت هەناسەکەم
هەتاکو کەی بەیانی باش لەوێنەکەت بکەم
دەوەرەوە... بادڵمت بۆ بکەم بەپەڵە هەورێک
کام، ئاسمانەت پێ خۆشە، بۆ ئەو ئاسمانەت ڕەوانەکەم.
(۴)
هەڵبێ خۆرەتاو
لەمناڵیەوە لێم بزری
هەر نەمدیوی
لەمێرد مناڵیەوە هەر لێڵ بووی
لەهەرزەکاریشا هەر تاریک بووی
لەدوا دوایی ئەم عومرەشا
هەر نازانم هەڵهاتویت یان هەڵنەهاتویت.
(۵)
نیشتیمان
بۆ ڕۆحی تەزیوم ئاگر بوویت
هەم روناکی بەخش و هەم گەرما بەخش بوویت
مەیل خۆش و خۆش بەخت بووم
ئەو دەمانەی،
لەسەر لێواری مەرگ گەمەو سەمام ئەکرد
هەرچی زامیش بوو وێڵم ئەکرد
وەکو ئاژەڵ زمانم پیا ئەهێناو سارێژم ئەکرد
کەچی ئێستا لەم ساتەدا
شۆڕش وێرانکەران
شۆڕش تێکدەران
پێشبڕکێیانە
خۆیان بهاونە باوەشی دوژمنان.
(۶)
نامپه‌رژێت...!
لەوە ناچێت ئه‌مشه‌و، باده تینوێتیم بشکێنێت،
ده‌سا، وه‌ره له‌یلێ،*
زووکه، تا، ئاوا نه‌بووه له‌یلێ*...،
پێک هه‌ڵبڕه به‌ره‌و لێوم،
مه‌هێڵه، ده‌ستی به‌مێ...
نه‌با په‌رداخ بشکێ و باده بڕژێ.
----------
*له‌یلێی یه‌که‌م به‌مانای : له‌یلا.
*له‌یلێی دووه‌م به‌مانای شه‌و.
(۷)
ئاسمان،
هێندە خۆ پەرست بوو،
هەورەکانی لەگەڵ یەکا بەشەڕ ئەیا،
گللەیی لەچاوەکانم ئەکردو، بەخوناویان قایل نەبوو...!
هێندە خۆ پەرست بوو،
ژێر پەڵە هەورێکی چەتوون و لاساری پێ ڕەوا نەبینینم...
هێوڕی کەمەوەو لەدامێنیا ئاسودە بم...!
تاوەکو،چیتر ڕووباری چاوەکانم،
نەدەمە دەست قەدەرو ئەندێشە بێ ئاکامەکانم.
(۸)
ئەمڕۆم لەتامی ماچەکانی تۆ ئەچێ،
لەخەندەی مرۆیەکی قەدەر جێ هێشتوو ئەچێ...
لەتەوقەو دەست لەملان و تەماسی لێوەکانی من و هاوڕێکانم ئەچێ،
لەهێلانەیەکی پڕ پووش و بێچوی دوور لەمەترسی ئەچێ،
لەبۆن و بەرامەی،
چڵە ڕیحانە غەمگینەکانی لائەگریجەو ژێر چەنەی جارانی دایکم ئەچێ.
(۹)
تەنهایی ئارامی و ئاسودەیی بەخشە،
هەندێک جاریش...
دەرون هەژێن و ئازار بەخشە...!
نازانین...!
هانا بۆ کامیان بەرین...!
بۆ حەوانەوە یان بۆ نەسرەوتن...
یان بۆ خۆشاردنەوە لەژین...؟
نازانین...!
هانا بۆ کامیان بەرین...
کەنەتوانین دەست بەرداری هیچیان ببین.
(۱۰)
بەترسەوە خۆشم ئەوێیت...!
بۆیە زارەترەکم و ناوێرم هەواڵت بپرسم...!
کەئەتبینم توانام نیە بەنیگایەک دەست نیشان کەم چارەنووسم...
خەندە وەڵامێکی تۆش؛
ببێت بەتابلۆیەک و بەسەر چارەنوسما هەڵیواسم...!
لەدامێنیا...
شیعرێکی لەخۆت جوانترت بۆ بنوسم...!
هەر ووشەیەکی جورئەتێک بێت و نەترسم.
(۱۱)
شەقاوێک دوور بویت لێمەوە...!
شەقاوێکت نەنا تابێیتە عەرشی ئیمپراتۆریمەوە...؟
لێ گەڕێ!
ئەو زەمەنەش بەسەر چوو...!
کەڕۆحم.. نەک ڕۆحی تۆ بۆ ڕۆحت ئەتوانەوە...!
لێ گەڕێ...!
بەداخیش نیم...!
لەمەو دوا بڵێم...!
چەندە نزیک بیت دووریت لێمەوە...!
بەداخیش نیم...!
گەر ئەمجارەش تەمەن بواری نەداو نەتبینمەوە...!
چش لەیادو چش لەنزیک بوونەوە...!
چش لەگێڕانەوەی سەربوردە بەدەم کۆفی خواردنەوەوە.
(۱۲)
هەست گێلاسە نەشمیلەکەم
زستانی توشی خەمەکەم
بەفری خاوی کەنار دڵە بەکڵپەکەم
بڕوات هەبێ...!
لەهەر شوێنێ شێوە ڕەوتت بەدی بکەم
لەئاست خۆما
دەتبزوێنم و بۆنت ئەکەم
تائەو ساتەی چاوەکانم دەنیشنەوەو هەڵپە ئەکەن
ماچی چاوو گەردن چیای قەیرە شۆخی ژینم بکەن
ئەی هیواکەی پاش هیواکەم
(۱۳)
له‌گشت که‌سێ لام ئازیز تر...
ئه‌مجاره‌ش بێ و،
تائه‌توانی ده‌ست درێژ که بۆ دڵه‌که‌م و هه‌ڵی گڵۆفه...،
گه‌واڵه خه‌م کۆکه‌ره‌وه‌و...
له‌به‌ر ده‌می ده‌رگایه‌کیا، به‌خوێنه‌که‌م..
دۆزه‌خێکی بێ هاوتایان بۆ دابخه.
ئه‌مجاره‌ش بێ و...!
چنگێ گه‌ڵای ووشکی زه‌ردی دره‌خته‌که‌ی ئه‌م ته‌مه‌نه‌م...
له‌ئامێزی که‌ڵترین خه‌م،
وورد،وورد، بوکته‌و، به‌ئه‌شکه‌که‌ی چاوی کوێر که...،
ئه‌مجاره‌ش بێ و...!
تێم بڕوانه‌و، وورد به‌ره‌وه...،
له‌و چاوانه‌ی که‌تاسه‌تی تیا وون بووه...
له‌و چاوانه‌ی...
که جۆگه‌له‌ی که‌مه‌ر ته‌نگی، وه‌ک خۆت ئاسای له‌به‌ر ڕووما هه‌ڵکه‌ندوه
ئه‌مجاره‌ش بێ و...!
ته‌نها هه‌ر خۆت ئاگات لێ یه...
که‌چۆن تاسه‌م، خه‌ڵوه‌تگایه‌و هێلانه‌یه،
بۆ پاساریه ته‌ریوه‌که‌ی ئه‌م به‌هاره‌م...
ئه‌ویش له‌سه‌ر به‌رزه چڵێ...
مات و مه‌لوول ده‌ڕوانێت و، که‌سێ نیه باڵی بگرێ.
ئه‌مجاره‌ش بێ و...!
فریام که‌وه...،
نه‌با هه‌ور زه‌فه‌ر بێنێ...
زووخاوی گشت ده‌ریاکانی ئه‌م جیهانه...
به‌سه‌ر سه‌رما دابارێنێ.
(۱۴)
ڕۆحم لەسەر دوندێکی بەفرینی سەخته
بۆیە...،
بەم ڕۆژگارە جەستەم بووە بەشەخته
ئاهو نزولەشم ناگات بەکەس
تەمەنیش ماوێتی،کەی ئەمە وەخته
نازانم...؟
هەناسەی پڕ ئاخ...!
بۆ عومری بەهەدەر چوو هەڵکێشم،
یان بۆ ئازارێک کەچەندین ساڵە پێوەی ئەناڵم.
(۱۵)
کچم، به‌یانی، پاش کۆتایی ئێشک گرتن،
توخنی ئاو نه‌که‌ویت بۆ ڕوخسار شتن
فرمێسکه‌کانی من
له‌سه‌ر مست و چنگۆڵه‌تن
چه‌مێکی ئێجگار به‌خوڕن
کچم،
ئه‌شزانم، تفه‌نگه‌که‌ت، ئاوێنه‌ته
خه‌نده‌و بزه‌ی به‌رخودان، شانه‌ی قژته
فیشه‌که‌کانی، نێو شانه‌کانی سه‌ر که‌مه‌رت، قه‌ڵه‌می سوراوی لێوه‌کانته
ڕه‌شایی بارووتی نێو لووله‌ی تفه‌نگه‌که‌ت
نه‌ک ماسکه‌رای چاوه‌کانته
کلجێوو، کلدانی چاوه‌کانته
جــا، ئیتر چۆن نه‌بم به‌قوربانی ئاوێنه‌که‌ت و
قه‌ڵه‌می سوراوی لێوه‌کانت و
کلچیوی چاوه‌کانت و، ئه‌و به‌ر خودانه...!
دڵی توێ توێشمت بۆ نەکەم، به‌گوڵێکی سوور، بۆ ئه‌م (فه‌لانتاین)ه.
(۱۶)
هه‌ڵوه‌دامه،بۆ ڕوخسارێک له‌تۆ بچێ...!
نیه‌و،نیه‌و،نیی،
ناچار هانا، بۆ وێنه‌که‌ت ئه‌به‌م...
ده‌یکه‌مه قیبله‌گا...!
بێ واده‌ی فه‌رز...
ده‌ست نوێژێ به‌نه‌رمه بزه‌ی سه‌ر لێوت ئه‌گرم،
سوجده ئه‌به‌م، تێی ئه‌ڕوانم،تادێیته گۆ...
تێی ئه‌ڕوانم تادێمه گۆ،
به‌ڵکو شادی بوێرێ بۆ ته‌نها تاوێ، ته‌رمی خه‌مێ بنێژێ.
(۱۷)
گەواڵە هەورێکم...!
تەنها بەسەر سەری خۆما ئەگرمێنم،
بارانیش، بەسەر سەری، دووری تۆ‌و تەنهاییما ئەبارێنم
بێ فریاد ڕەس و بێ پەروام
ئەستێرەکان کڵافەی خەمن و مانگیش کۆتی کردووم
بێرە هانام
هەر تۆی ئاشنام
بێرە هانام
تائەو ساتەی مەرەخەس ئەبمەوە
تائەو ساتەی
هەورە تریسکەی عیشقت ئەملاوێنێت
تائەو ساتەی
دیداری نادیار...!
کۆرپە خەمێکم لەباوەشتا ڕائەژەنێت.
(۱۸)
هه‌موو جارێ بۆ دوور بەڵایی و بێوەیی...!
قه‌ده‌ر جامێ ئاو، به‌دواما ئه‌کا.
قه‌ده‌ریش گوێی هه‌یه‌و نابیستێ،
پێی ئه‌ڵێم...!
له‌مه‌ودوا...
جامێ ئاوی پڕ زووخاوتر به‌دواماکه...
دەریایە ئاوی فه‌نا بوون و نه‌گه‌ڕانه‌وه،
به‌دوای ئه‌م عومره، بێ سه‌رو، بێ به‌ره‌دا که.
(۱۹)
بەدەرونێکی شپرزەوە
بەناخێکی ئاڵۆز‌و شێواوەوە
بەدوو چاوی وەک گۆمی خوێینەوە
بەدڵێکی جەخار جەخارەوە
لەهەمو شەوێک زیاتر
شەپۆلی ڕۆحم هاوەدەس کەنارێکی بێ ئامانەوە.
(۲۰)
هێنده تامه‌زرۆی جێ نه‌هێشتنی یه‌کتری بووین...
لەحەژمەتا،
دوا ئه‌ستێره‌ی کازیوه شیوەنی بۆ ئەکردین...
ئێستاش ڕۆژگار کارێکی کرد
وه‌کو،ئه‌وه‌ی،هه‌ر یه‌کتری نه‌ناسین
گیانم گوڵێ،
له‌وه گه‌ڕێ،
لای منه‌وه گه‌ردنی عیشقت ئازاد بێ
بـــائه‌م خه‌مه‌شم ساقه سه‌ری شیعر بێ
گیانم گوڵێ
له‌گه‌ڵا زەردەکانی دره‌ختی ئه‌م پایزەم گه‌ڕێ
له‌خۆت زیاتر مه‌هێڵه که‌سی تر به‌سه‌ر سه‌ریا بێت و بچێ
له‌خۆت زیاتر مه‌هێڵه که‌سی تر ڕه‌نگی زستان و بەهارو هاوینی به‌به‌ردا ببڕێ
نه‌وه‌ک دڵیشم له‌وه زیاتر، هنجن، هنجن و توی، توێ بێ
ئیتر، ئازیز، خۆت ئه‌زانی
خه‌م نه‌ما، بۆتی نه‌خۆم،
ئازار نه‌ما، بۆتی نه‌چێژم
هه‌ناسه نه‌ما، بۆتی هه‌ڵنه‌کێشم،
ده‌سا ئیتر، بۆ له‌مه‌و دوا
مه‌ده،مه‌ودا
له‌وه زیاتر، له‌بۆ، عیشقت، بکه‌م شین و، واوه‌یلا
بدوێ بدوێ،
بێده‌نگ مه‌به، هه‌رچۆنێ بێ
بدوێ، بدوێ،
خۆش به‌خت ئه‌بیت،
چونکه، له‌لام، وه‌کو عیشق، هێشتا کاڵیت
وه‌ک ته‌مه‌نیش، خوانه‌خواسته، ناڵێم مناڵیت
بدوێ بدوێ نیگەرانی وەلا نێ.
(۲۱)
دوا یادگاریم لا جێ بهێڵە
وەک بارانی ئەم پایزە، زەوی ئەم عومرەم بەوشکی جێ مەهێڵە...
بەلێوانت لێوانم لەڕۆحتا تۆوکە...!
دڵیشت بکە بەگاسن و بەمیهرەبانی عیشقم بکێڵە.
(۲۲)
گوڵم...،
له‌و ئه‌ستێره یاخیه خزاوه‌ی نێو ئامێزی مانگ شه‌نگتر،
بزه به‌خش به‌دڵ و ده‌روونی عاشقان، که‌له‌ناخی پڕ ناسۆریانه‌وه گۆرانی شۆخ و شه‌نگیت بۆ ده‌چڕن.
گوڵم...،
باخچه‌که‌ی سەر سینگت مه‌مله‌که‌تێکی هێمن و پڕ ئاسوده‌ییه، جێی ژوانی ئاڵوگۆڕی نوێترین ووشه‌ی خۆشه‌ویستیه،
گوڵم...،
جگه له‌لێوه پاراوه هه‌میشه‌ییه‌کانی هه‌نگ و په‌پوله،
که له‌و ده‌مه‌دا به‌بێ ڕه‌قیب لێوی پڕ گوڵاوت ده‌مژێت و تاسه‌ی عیشق و خۆشه‌ویستی له‌ناخی خۆیاندا حه‌شار ناده‌ن و ده‌یهاویژنه نێو پریاسکه‌ی دێرینی خه‌ج و سیامه‌ندو،
زین و مه‌م و،لاس و خه‌زاڵ و،
له‌یلاو مه‌جنون و، خورشیدو خاوه‌ره‌وه.
گوڵه، گیان،
ئه‌مه به‌مه‌رجێ،
که‌ڵه‌مێردانی له‌گوڵ و عیشق نه‌گه‌یشتوو شوێنه‌وارت وه‌ک ئازادی و ماف و سه‌ربه‌ستی هه‌لا هه‌لا نه‌که‌ن.
گوڵم...،
نازانم گه‌ر بیرت بێت...؟
زۆر ده‌مێکه ووتومه... (خۆ من گوڵێکی نێو په‌نجه‌کانی مناڵێکم، ترس و له‌رز لێم نیشتوه‌و، نازانم چۆن مانای بۆنی تێگه‌ێنم).
گوڵه گیان،
منداڵ له که‌ڵه مێرده‌کانی تر جیاوازتره،
بوغز‌و کینه‌که‌شی وه‌ک ده‌روونی خاوێنه...
هه‌ڵیشت پڕوکێنێت له‌به‌ر خاتری هه‌نگ و په‌پوله سه‌دان گوڵی تر ده‌پشکوێنێت.
گوڵه، گیان...
گوڵ و منداڵ هه‌روه‌ک ئه‌و دوو مه‌مکه وان که له‌باخچه‌ی سینه‌دان...
هه‌میشه به‌ر یه‌ک ده‌که‌ون و ململانێیانه،به‌بێ ئه‌وه‌ی له‌یه‌کتریش زویر ببن...
هیچ کامێکیشیان ڕوناکه‌نه هیچ ده‌ستێک و پێێ بڵێت هه‌ڵگڵۆفین و بۆنکردنی من پێش بخه...!
سه‌رسامیش مه‌به بۆ چی هه‌ر به‌گوڵێ و گوڵه لێوانم به‌رامبه‌رت له‌یه‌کتری ئه‌ترازێنم...؟
چونکه گوڵ له گشت ئان و ساتێکدا هه‌یه،
هه‌ر بسته ئه‌ردێکی ئه‌م گه‌ردوونه به‌پێ ده‌شت و دۆڵ و چیاشه‌وه ته‌ی بکه‌یت و خێوه‌تی خۆشه‌ویستی لێ هه‌ڵبده‌یت له‌گوڵ به‌ده‌ر نیه...
ته‌نها داخی گرانم،بۆ گوڵه نێرگز...
سروشت هێنده فێڵبازو زۆرزانه ده‌یه‌وێت هه‌ر به‌و قەشه‌نگی و جوانیه بمێنێته‌وه‌و خۆی بنوێنێت و ته‌مه‌نی درێژی نه‌داتێ،
تاوه‌کو هه‌ر به شاگوڵی هه‌موو ساڵێک مژده‌ی ساڵی نوێمان بۆ بهێنێت...
ده‌نا گوڵه‌کانی تر هه‌ر یه‌که‌و له‌وه‌رزی خۆیدا ته‌مه‌ن درێژن...
سه‌ره‌ڕای ئه‌و گوڵه هه‌میشه‌ییانه‌ی که ناویان گوڵه چوار وه‌رزه‌یه...
گوڵە گیان...
گوڵ هه‌ر گوڵه،
هه‌ر گوڵه‌و له‌وه‌رزی خۆیدا شاگوڵی داگیرکه‌ری دڵ و سه‌ر زه‌مینه...
هه‌ر هەمویان مژده به‌خشی نوێ بوونه‌وه‌ی خه‌نده‌ی لێو و چاوانن...
ته‌نانه‌ت، ئه‌و گوڵه نایلۆنانه‌ش که عه‌رشی ژوره‌که‌تیان داگیر کردوه‌و ڕۆژانه هه‌وری ده‌سته‌کانت ده‌هێنی به‌سه‌ریاناو به‌نیگای چاوه‌کانت ئاویان ده‌ده‌یت.
ئای گوڵه گیان،
له گوڵ گوڵتریت هه‌ناسه‌که‌م...
(۲۳)
قەدولقی درەختێکی ووشک هەڵاتوی بەساڵا چوو ڕوخساری تەنیووم
بەژنی لاری ڕوو لەزەوی پشتی چەمانووم
چارەنوسیش هەر ڕۆح سپاردنە
دژی حەزو ئارەزوشم ڕۆح سپاردنم بکەوێتە پێش ڕۆح سپاردنی هەنێ پیاوانی پووت.
(۲۴)
خۆش بەخت ئەبویت،
ئەگەر هاتو بهاتبایە،
کەمێک زیاتر منت بناسیایە...!
لەناو دەستەی حاکمانا،
منت لەتای تەرازوی نادادیا نەکێشایە.
(۲۵)
ئەم جارەش پێم لێت ترازا سلێمانی
لێ هەر دێمەوەو دێمەوە ئەزیزەکەی دڵم
عومرێکی کەم نیە بەبێ تۆ شین و واوەیلامەو ئەناڵم
ئازار لەدوای ئازار ناخ و دڵی هەڵکۆڵیوم
زەمەنی بەرگە گرتنی عومریش بەسەر چوو
سەراپا عەرشی جوانیم بەبێ تۆ بەهەدەر چوو
جگە لەوەی لەناو هاوەڵەکانیشما ئەژنۆم شکابوو
ئاخ سلێمانی...!
چیت پێ نەکردم... چیت پێ جێ نەهێشتم...؟
بەبێ تۆ لەووڵاتی راهب و راهیبە چوو عومری شیرینم
ئاخ سلێمانی...!
ئەمە چ کارەساتێکی هات و نەهات بوو...؟
کوا چوارباخ و سەرشەقام و کانێسکان و بازاڕە چکۆلەو مەڵکەنی و جولەکان و دەرگەزێن و سابونکەران...
کوا هەیبەتی جوانی و تەراتێنی گیان لەسەر دەستان.
(۲۶)
تۆ بڵێی جارێکی تر...؟
گاڵتە بەزەمەن و سات و کات کەین
هەرچی خەمە لەدوتووێی بەساقەیاکا
بەبای کەین
ببێتە گێژەڵوکەیەکی پایزو بەهەست و نەستی مناڵی خۆمانی تیا بگەوزێنین و حەشار دەین
تەپو تۆز چاومان پێ هەڵگڵۆفێت و بڵێین ئەڵا
چ خەونێک بوو ئەو دیدار‌و دیمانەیەی کەساڵانێک بوو چاوەڕێی بووین...
(۲۷)
فڕێی مەدە شەڵاڵی فرمێسکەکانی منە ئەو دەستەسڕە...!
وەک گوێچکە نانێ یان موفەڕکێ...
یان ددانی تازە کەوتوی مناڵێ...!
کەلەبەری دیوارێ شک نابەی تیایا حەشاری دەی...؟
لێی گەڕێ...!
پێش وەرزی حەج...
ئەو دەستەسڕە هەواڵەی مەککە دەکەم...
حاجیان لەجیاتی بەردە ڕەشەکە...!
دوور لەپیرۆزی حەوت شیعرەکە...
بخولێنەوە بەچوار دەوریا...
ئەو دەمەش گەر نێر‌و مێ لەهیچ تۆقیوەکان (تەواف)ی نەکەن
چونە سەر گۆڕی پێغەمەریشیان قبوڵ ناکەم
هێندەی تر لەگوناها لاشانیان لاسەنگ دەکەم.
(۲۸)
بەهار بوو پێکەوە بوین...!
لەگەڵ جوانیی بێ هاوتای سروشتا،
پەڕەی گوڵێک نێوانمان بوو...
کڵپەی دڵ هێند بەتین بوو،
کەروێشکەی قەدو باڵای گیا باوەشێنی ئەکردین...
هاوینانیش...!
بێ دەربەست بووین،
گوڵە گەنممان دەسکەنە ئەکرد...!
پایزانیش...!
لێوەکانمان سوجدەیان بۆ پرسەی گەڵاکان ئەبرد...
زستانانیش...!
دوو مەلی گۆشتن بووین لەسەر لەپی دەستەکانمان هێلانەمان بۆ یەکتری چێ ئەکرد،
ئیدی بەهارو هاوین و پایزو زستان کەی دێنەوە...؟
لەبۆتەی تاقە وەرزێکا بتوێنەوە...؟
تاوەکو پێکەوە...
لەگەڵ پەڕەی گوڵ و، گوڵە گەنم و، گەڵای پایزو، مەلەکانا...!
ب ح ە و ێ ی ن ە و ە.
(۲۹)
ئێستاش قرچە لەجەرگ و دڵمەوە دێت
کەئێوەم کرد بەشۆڕشگێڕو منیش بەش مەینەت
بەزامەوە لەخەوی شیرینا ڕایان وەشانیت و بەئاگایان هێنایت...!؟
بۆ هەڵواسین و تف و لەحنەت و هەڕەشەی ئابڕوو بردنی شەرەف و ناموس
ئاگات لێ بوو؟
لەکوختەکەتا
چۆن خەوی شیرینی تۆم پاراست
تاڕانەچڵەکێی
تـــــــــــــــــا...،
بەئاگا بێیتەوەو نیشتیمان فرۆشان ببن بەکار بەدەستان.
بێ تۆییم پێوە دیارە...!
نەهاودەنگێ...
نەدەنگێکی بەسۆز وەک دەنگی تۆ بۆم ببێ بەهاوسەنگێ...
بێ تۆییم پێوە دیارە...
لەم ژیانەو لەئەم شارە!
مەگەر تەنهایی دەستەمۆ بکەم...
هەر چەندە تەنهایی و نامۆیی سەراپاگیرە لەم شارە.
بادەوان...!
بادەیەکم وێدە...
ڕۆشن کات ڕۆشنایی نەدیدە...
بەختەوەر کات ستەم دیدە...
بادەیەکم وێدە،
سواری کۆڵی ئەسپێکم بکاو نەمگلێنێ...
بەهەورازێکا سەرم بخات ماندوبوونم هەناسەکانم بلاوێنێ...!
بەرەو گوند‌و دەڤەرو پێدەشتێکم بەرێ
کوردی نەشیاو ئارامی و ئاسودەیی دۆڵ و چیا سەرکەشەکانی خەیاڵمی نەشێوانبێ...
بادەوان...!
بادەیەکم وێدە...
تاکوردی نەشیاو...
لەسەر کۆڵی ئەسپی نەشیاو ئەگلێت و
چاوەکام لەخۆشیانا ئەبن بەکانیاو.
گڵاڵەکردنی ئەم بابەتە: #زانا_کوردستانی